ئەمەریکا پێشوازیی لە ناردنی پارە بۆ ھەرێم دەکات و داوا دەکات هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە

22-09-2023 12:34

پەرەگراف

برێت مەکگۆرک جێگری یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا و ھەماھەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی داوا دەکات لە زووترین کاتدا بۆری ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ تورکیا بخرێتەوەکار کە نەوتی ھەرێم و کەرکوک ھەناردەی بازاڕی جیھانیی دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئامۆس هۆچستەین، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ وزە و وەبەرهێنان ئامادەبووە، بەرپرسە ئەمەریکییەکان پێشوازییان لە ناردنی بەشە بودجەی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان کردووە لەلایەن بەغداوە. 

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023 لەلایەن توركیاوە ‏ڕاگیرا، پاش ‏ئەوەی كە ئەنقەرە سكاڵایەكی لەوبارەیەوە لە دادگای ‏نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی پاریس بە ‏بەغداد دۆڕاند.‏

بڕیارەكەی دادگای پاریس، حكومەتی هەرێمی ناچار كرد بە ‏ڕادەستكردنی نەوت بە ‏بەغداد و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیای ‏بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕازی ‏ببێت. لە ماوەی نزیكەی شەش ‏مانگی ڕابردوویشدا، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، ‏ملیاران دۆلار ‏زیان بە هەرێمی كوردستان گەیشتووەو حکومەتی ھەرێم توانای دابینکردنی مووچەی مانگانەی نییە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق ڕەزامەندیی پیشاندا دوو ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ مووچەی سێ مانگ کە هەر مانگێک ٧٠٠ ملیار دەکات، پارەکەی عێراق بۆ هەر مانگێک ٢٤٠ ملیار دینار کورتهێنانی هەیەو پێویستەی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم پڕبکرێتەوە.

لەکاتێکدا مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مانگی نۆ وەردەگرن، هێشتا لە هەرێم مانگی حەوت دابەش نەکراوەو ئەوەش ناڕەزایی و بایکۆتی فراوانی لێکەوتووەتەوە بەتایبەت لە کەرتی پەروەردەو تەندروستی. بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو یەکەم گوژمەی ئەو ٧٠٠ ملیارە دینارە بگاتە هەولێر و ڕاستەوخۆ مووچەی مانگی حەوت دابەش بکرێت.