قوباد تاڵەبانی: لەگەڵ فەرماندەی هاوپەیمانان هاوڕا بووین لەسەر دەستبەكاربوونی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت
پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، "هاوڕابووین لەسەر پێویستیی دەستبەكاربوونی وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت". دەشڵێت "بەبێ بوونی وەزیری پێشمەرگە، ناتوانرێت پرۆسەی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت".
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ژەنەراڵ ڤۆوڵ، فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كۆبووەوە، دانانی وەزیری ێشمەرگە بە وەكالەت بە پێویست دەزانێت بۆ "بەهێزكردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانان، لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان".
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەتیش جارێكی دیكە داوای كردووە كە "هاوپەیمانان و حكومەتی عێراق لەپێناو سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە، هەڵوێستی جیددی و هەنگاوی كردەیی بنێن، بۆ ڕێگری كردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە".
پاش ئەوەی هاوپەیمانان لەبارەی لەمپەرەكانی بەردەم پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بێ وەزیربوونی وەزارەتەكە هۆشدارییان دایە پارتی و یەكێتی، یەكێتی بڕیاری دا دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، بە وەكالەت بكات بە وەزیری پێشمەرگە. ئەو هەنگاوەش لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانانەوە پێشوازیی لێ كراوە.