کونسوڵخانەی بەریتانیا: زۆر نیگەرانین لە مانگرتنی گوهدار زێباری لە خواردن لەناو زینداندا
پەرەگراف
کونسوڵخانەی بەریتانیا لە ھەولێر ڕایگەیاند، بەریتانیا زۆر نیگەرانە لە مانگرتنی ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری لە خواردن لەناو زینداندا.
"ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ئەم بابەتە دەکەین لەگەڵ ئەو رۆژەی کە دیاریکراوە بۆ دادگاییکردنی لە ۱ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ" کونسوڵخانەکە لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس وادەڵێت.
ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری دوو ھەفتەیە مانی لە خواردن گرتووە و براكەی دەڵێت "باری تەندروستیی زۆر خراپە و كێشی زۆر دابەزیوە". سەرەتای ئەم ھەفتەیە دایك و خوشكێكی گوهدار زێباری سەردانی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان لە زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێر كردووە و دایكی دەڵێت "كوڕەكەمم وەكوو مردوویەكی نیوەزیندوو بینی".
دایكی گوهدار زێباری پاش بینینی كوڕەكەی لە زیندانی ئاسایش، وتی "كوڕەكەم زۆر كێشی دابەزیبوو، بەهۆی ئەوەی ماوەی 10 ڕۆژە لە مانگرتندایە و بڕیاری داوە تا دیاریكردنی ڕۆژی دادگا و یەكلانەكردنەوەی كەیسەكەی، مانگرتن نەشكێنێت".
دایكی ئاماژە بەوەش دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا گوهدار "خاوەن مۆڕاڵ و ئیرادەیەكی بەهێز بوو".
ھاوکات زێدان زێباری، برای گوهدار زێباری، بە پەرەگرافی وت "پاش سەردانەكە، خوشكەكەم بە تەلەفۆن پێی وتم كە باری تەندروستیی گوهدار زۆر خراپە و كێشی زۆر دابەزیوە".
دوایین دۆسیە كە لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووسە كراوەتەوە، دەستبەسەرداگرتنی چەكێكی تاپڕە لەو ماڵەدا كە گوهداری تێیدا دەستگیر كراوە و خاوەندارێتیی چەكەكە دراوەتە پاڵ ئەو.
ڕۆژی 17-8-2023، زێدان زێباری، برای گوهدار زێباری، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "ئەو ڕۆژەی گوهدار دەستگیر كراوە، لە ماڵی خوشكێكم بووە لە ئاكرێ، تاپڕێكی كۆنی ساڵی شەستەكان كە هی باوكی دایكمە، لە ماڵەكەدا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە".
براكەی گوهدار زێباری وتیشی "بیست شاهێد دەهێنم كە ئەو تاپڕە هی گوهدار نییە".
ئەمە سێیەم دۆسیەیە لە دژی گوهدار زێباری دەكرێتەوە. ئەو ڕۆژنامەنووسەی بادینان پاش سزادانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن هاوشێوەی هاوڕێكانی و دواتر كەمكردنەوەی سزاكەیان بە ڕێژەی لەسەدا 60 لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، دەبوو لە ڕۆژی 16-3-2023 ئازاد بكرایە، بەڵام یەك ڕۆژ بەر لە ئازادبوونی، دۆسیەیەكی دیكە لە دژی كرایەوە و حەوت مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە بڕیارەكە تەمیز كرا، بەڵام سزاكە تەنیا بۆ پێنج مانگ كەم كرایەوە.
لە سكاڵای دووەمدا، ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری تۆمەتبار كرا بەوەی كە لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە شۆفرلێتەوە گۆڕیوە بۆ تیۆتا، بەڵام خۆی ئەو تۆمەتەی ڕەت كردەوە و وتی "كە ئۆتۆمبێلەكەم كڕیوە، ئەو لۆگۆیەی پێوە بووە و من نەمگۆڕیوە".
پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسی بادینان (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا) لە ڕۆژی 16-2-2021 و پاش ماوەیەكی زۆر لە دەستگیركردنیان، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا، تۆمەتێك كە خۆیان و پارێزەرانیان ڕەتیان كردەوە و "هیچ بەڵگەیەك"یشی لەسەر نەبوو، بە "سزای سیاسی" ناویان برد.
دوای ناڕەزایەتی و كاردانەوە و فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سزای هەر پێنجیانی بە ڕێژەی لەسەدا 60 كەم كردەوە، بەڵام دواتر كەمكردنەوەی سزای شێروان شێروانی دەستكاری كرا و بۆ لەسەدا 50 كەم كرایەوە.
ڕۆژی 16-3-2023 هەریەك لە شڤان سەعید، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا ئازاد كران و گوهدار زێباری دۆسیەی دووەمی لە دژ جوڵێندرا، دواتریش دۆسیەیەكی دیكە لە دژی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی جوڵێندرا و تۆمەتبار كرا بەوەی كە "پەنجەمۆری گۆهدار زێباریی ساختە كردووە". لەسەر ئەو دۆسیەش سزای چوار ساڵی دیكە زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.