پەرەگراف
دادگای فیدڕاڵی عێراق داوایەکی پەرلەمانتار مستەفا جەبار سەنەد ڕەتکردەوە بۆ دەرکردنی "فەرمانی وەلائی" ڕاگرتنی ناردنی ٧٠٠ ملیار قەرزەکە بۆ هەرێم تا ئەو سکاڵایە یەکلایی دەبێتەوە کە لەسەر ئەو بابەتە تۆماری کردووە، بەوەش ناردنی پارەکە تووشی گرفت نابێت.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە هەژماری فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی: "دادگای باڵای فیدراڵیی داواکاری پەرلەمانتار، مستەفا سەنەدی رەتکردەوە بۆ دەرکردنی ئەمری وەلائی بۆ راگرتنی کارکردن بە هەردوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ ژمارە 23500 و 23520 لە ساڵی 2023 تایبەت بە پێدانی قەرزێک بە بڕی 700 ملیار دینار مانگانە بۆ سێ مانگ بە حکومەتی هەرێم."
سەرەتای ئەم هەفتەیە حکومەتی عێراق ڕەزامەندیی پیشاندا دوو ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ مووچەی سێ مانگ کە هەر مانگێک ٧٠٠ ملیار دەکات، پارەکەی عێراق بۆ هەر مانگێک ٢٤٠ ملیار دینار کورتهێنانی هەیەو پێویستەی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم پڕبکرێتەوە. مستەفا جەبار سەنەد کە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە، پێیوایە ناردنی ئەو پارەیە بۆ هەرێم "نایاساییە" هەربۆیە سکاڵای لەدژی تۆمار کردووە.
لەکاتێکدا مووچەخۆرانی عێراق مووچەی مانگی نۆ وەردەگرن، هێشتا لە هەرێم مانگی حەوت دابەش نەکراوەو ئەوەش ناڕەزایی و بایکۆتی فراوانی لێکەوتووەتەوە بەتایبەت لە کەرتی پەروەردەو تەندروستی. بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو یەکەم گوژمەی ئەو ٧٠٠ ملیارە دینارە بگاتە هەولێر و ڕاستەوخۆ مووچەی مانگی حەوت دابەش بکرێت.
بەرلە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەسەر سکاڵای هەمان پەرلەمانتار لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵدا دادگای فیدڕاڵی عێراق ناردنی 200 ملیاری دیناری لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە.
هێشتا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە بنێرێت کە یەک ترلیۆن و ٣٧٥ ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک و لەو بڕەش ٩٠٦ ملیاری تەرخانكراوی مووچەی هەرێمە، پاساوی عێراق بۆ نەناردنی پشکی هەرێم "پابەندنەبوونی" حکومەتی ھەرێمە بە جێبەجێ کردنی یاسای بودجەو ڕادەست نەکردنی داھاتە نەوتیی و نا نەوتییەکان، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو دەڵێت، ئەوان پابەندن و بەغداد پابەند نەبووە، زیانمەندی ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنەش گیرفانی مووچەخۆرانە.