پەرەگراف
دوای 24 كاتژمێر لە هێرشی سوپای ئازەربایجان بۆ سەر ئەو ناوچانەی قەرەباغ كە لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئەرمەنییەكاندایە، ئاگربەست ڕاگەیەندرا و هێزە ئەرمەنییەكان لەژێر فشاری فڕۆكەی بێفڕۆكەواندا بە مەرجەكانی ئازەربایجان ڕازی بوون.
بەپێی ئەو ئاگربەستەی كە ڕاگەیەندراوە، تەواوی هێزە ئەمنی و ناوچەییەكانی قەرەباغ چەك دادەنێن و هێزە ئەرمەنییەكانیش بەبێ شەڕ دەكشێنەوە، هەموو هەرێمی قەرەباغ دەكەوێتە ژێر دەستی ئازەربایجان.
بڕیاریشە سبەینێ پێنجشەممە گفتوگۆ دەست پێ بكات بۆ ئەوەی قەرەباغ بە فەرمی بخرێتە سەر خاكی ئازەربایجان.
بەرپرسانی قەرەباغ دەڵێن "لە شەڕەكەدا 27 كەس کوژراون و 200 كەسی دیكەش بریندار بوون، كە لەناویاندا ژن و منداڵ هەن".
ڕۆژی سێشەممە 19-9-2023، سوپای ئازەربایجان هێرشێكی لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی دژی تیرۆر" بۆ سەر هێزە ئەرمەنییەكانی قەرەباغ دەست پێ كرد. هەر لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەكەوە، ئازەربایجان لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئۆتۆمبێلی سەربازی و تۆپخانە و سیستەمی بەرگریی مووشەكیی سوپای ئەرمەنیی كردە ئامانج و زیانی گەورەی پێ گەیاندن.
نزیكەی 120 هەزار هاووڵاتیی ئەرمەنی لە ناوچەی قەرەباغ دەژین كە دەكەوێتە سنووری قەفقازی باشوورەوە، هەرێمەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەكوو بەشێك لە خاكی كۆماری ئازەربایجان دانی پێدا نراوە.
سێ ساڵ لەمەوبەر ئازەربایجان لە شەڕدا بەشێك لە ناوچەی قەرەباغی كۆنترۆڵ كردەوە و دوێنێش داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیەی قەرەباغ كە لەژێر دەستی ئەرمەنستاندایە كرد كە چەكەكانیان دابنێن و بە ئاشتی ناوچەكە ڕادەست بكەن.
لە دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤیەتەوە، دوو جار لەسەر ناوچەی قەرەباغ شەڕ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان، ڕووی داوە. شەڕی دوو هەفتەیی ئەم دوو ڵاتە لە ساڵی 2020دا بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەند هەزار كەس، تێیدا ئازەربایجان بە پاڵپشتیی توركیا توانیی بەشێك لە خاكی قەرەباغ كۆنترۆڵ بكات.