پەرەگراف
مامۆستایان وانەبێژ ئەمڕۆش جارێکی دیکە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا و دەڵێن: "ئەگەر دامەزراندنیان پشتگوێ بخرێت، خێمە هەڵدەدەن".
مامۆستایانی وانەبێژ کە لەپاڵ داوای مووچەکانیان سوورن لەسەر دامەزراندنیان بە هەمیشەیی، ١٣ی ئەم مانگە لە بری زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، لەسەر شەقام و لە بەردەم پەروەردەکان زەنگی "بایکۆت و ناڕەزاییان" لێدا.
هەرچەندە وەزارەتی دارایی و پەروەردە پێشنیاریان بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست دابمەزرێندرێن، ئەوەش وەک چارەسەرێک بۆ دۆخی وانەبێژان دوای دەیان خۆپیشاندان و ئاڕاستەکردنی زیاتر لە ٥٠٠ یاداشت بە مەبەستی دامەزراندنیان، بەڵام هێشتا حکومەت بڕیاری نەداوە.
بە کردنە گرێبەستی مامۆستایانی وانەبێژ مووچەی مانگانەیان زیاد دەکات و وەزیری دارایی دەڵێت، بڕی چوار ملیارو ٢٥٥ هەزارو ٨٩٦ هەزار دینار زیاد دەبێت بۆ کۆی ئەو مووچەیەی لە ئێستادا وانەبێژان وەری دەگرن.
لە سەرەتای کابینەی ٩ی حکومەت ١٧ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەبوون، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٣٥ هەزار مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان هەن و لەسەدا 30ی بۆشاییەكانی كەرتی پەروەردەیان پڕكردووەتەوەو لە ئێستادا بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی ١٤ ملیار دینارە.
مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بەپێی بڕوانامە و ئەو شوێنەی وانەی تێدا دەڵێنەوە جیاوازە، بۆ نمونە ئەو وانەبێژانەی بڕوانامەیان دیپلۆمە بۆ هەر وانەیەک ٣ هەزار دینار وەردەگرن و بەکالۆریۆسیش ٤ هەزار دینار وەردەگرن، بەگشتی کەمترینیان مانگانە 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینار وەردەگرن.