فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلی ھاوڵاتییەکی مەدەنی لە پشدەر کردە ئامانج

20-09-2023 03:06

پەرەگراف

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، گوندی ئێندزێ-یان لە ناحیەی سەنگەر لە قەزای پشدەر بۆردوومانکرد.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی سی پی تی دەڵێت "لە بۆردوومانەکەدا، ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەکی مەدەنی دانیشتووی گوندی ئێندزێ بەئامانجگیرا و هیچ زیانێکی گیانی لە ئەنجامی بۆردوومانەکە نەکەوتۆتەوە. خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە ناوی وشیار مام حەسەنە و لەسەر ڕێگای سەرەکی گوندی ئێندزێ ئیشی دوکانداری دەکات".

ئەو بۆردومانە ھاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی بۆردومانی گوندەکانی سنوری قەزای ئامێدی لەلایەن تورکیاوە بە پاساوی لێدان لە گەریلاکانی پەکەکە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش فڕۆکەخانەی عەربەت بۆردومان کراو عێراق بە فەرمی پەنجەی تۆمەتی بۆ تورکیا ڕاکێشا، ئەو بۆردومانە بەپێی ئامارە فەرمییەکان سێ شەهید و سێ برینداری لە ڕیزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی لێکەوتەوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری پەرەگراف عێراق نایەوێت دڵی توركیا بڕەنجێنێت و لە بەرانبەر 24 هەزار جار بەزاندنی سنور بە قوڵایی 40 كیلۆمەتر، هێرشی زەمینی، بۆردومان و شەڕی درۆنەكانیشیدا هەڵوێستی کرداریی نییە كە بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتی مەدەنی بوون بە قوربانی.

كەمی بەردانەوەی ئاو و بێ ئەنجامی دانوستانەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت؛ دوو دیارترین پاساوی بەردەم حكومەتی بەغدان كە نایانەوێت هیچ دۆسیەیەكی دیكە لەگەڵ ئەنقەرەدا بكاتەوە.

قسەی یەكەم و سەرەكیی هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كاتێك لە ٢٢-٨-٢٠٢٣ گەیشتە بەغداد و دواتر هەولێر، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەردوو حکومەت پرسی پەكەكە بوو، كە ئەنقەرە وەك پاساوی هێرش و بەزاندنی سنور و بۆردومانەكانی بەكاریدەهێنێت.

بەپێی ئامارێکی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی سی پی تی، تەنیا ئەمساڵ تورکیا 82 هێرشی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوەو بەهۆی هەموو هێرشەكانی توركیاوە لە ساڵانی رابردووەوە تائێستا 147 هاوڵاتی مەدەنی گیانیانلەدەستداوە و 219ـی دیکەش بریندار بوون و لەسەدا 59ـی ئەوانەی بوونەتە قوربانیی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا، هاوڵاتیانی مەدەنی بوون نەک چەکدارانی پەکەکە.