ئەمریكا پاڵپشتی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ‏‏دووپات دەكاتەوە

19-09-2023 04:58
كۆبوونەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا

پەرەگراف

ئەمریكا پاڵپشتی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ‏‏"دووپات" دەكاتەوە و داواش لە بەغداد دەكات بەردەوامی بە "پێكەوەكاركردن" لەگەڵ ‏حكومەتی هەرێم بدات.‏

ئەم پەیامەی ئەمریكا لەلایەن ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە محەمەد ‏شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دراوە، كە ئەمڕۆ بە لە پەراوێزی خولی ‏‏٧٨ـەمینی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك ‏كۆبوونەوە.‏

وەزارەتی درەوەی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئەنتۆنی بلینكن هانی حكومەتی ‏عێراقی دا بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی سەقامگیری لە سەرچاوەكانی وزە و ‏ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، هەروەها پاڵپشتیی ئەمریكای دووپات ‏كردەوە بۆ كردنەوەی بۆریی نەوت لەگەڵ توركیا".‏

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا "هانی حكومەتی عێراقی دا بۆ ‏بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و پێكەوەكاركردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، ‏لەپێناو پەرەپێدانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە هەرێمی كوردستان".‏

نشاندانی پاڵپشتی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە بۆ هەرێم، پاش ئەوە دێت كە ‏هەفتەی ڕابردوو ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، مەسروور ‏بارزانی بانگەوازێكی ئاراستەی جۆ بایدن كردووە بۆ ئەوەی نێوەندگیری بكات لە نێوان ‏بەغداد و هەولێر، بەهۆی قووڵبوونەوەی قەیرانەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەند.‏

بەپێی ڕاپۆرتەكە، مەسروور بارزانی ترسی خۆی نەشاردووەتەوە لەوەی كە ئەگەری هەیە ‏قەوارەی هەرێمی كوردستان تووشی هەرەسهێنان ببێت، ئەگەر قەیرانەكە چارەسەر ‏نەكرێت‎.‎

مەسروور بارزانی لە 3ی ئەیلولدا نامەكەی بۆ بایدن نووسیوە و یەكشەممەی ڕابردووتر ‏گەیشتووەتە كۆشكی سپی. تێیدا نووسیویەتی "ئێستا ئەم نامەیەت لە ساتەوەختێكی ‏وەرچەرخان و چارەنووسسازی مێژوویدا بۆ دەنووسم، ساتێكە كە ترسم هەیە ڕەنگە بە ‏زەحمەت زاڵ ببین بەسەریدا. ئێمە لە ڕووی ئابوورییەوە خوێنمان لێ دەچۆڕێت و لە ‏ڕووی سیاسییەوە تووشی نەزیف بووین".‏

‏"بۆ یەكەم جار لە ماوەی سەرۆكوەزیرانیمدا، نیگەرانییەكی گەورە باڵی كێشاوە ‏بەسەرمدا، چونكە كەمپەینێكی ناشەرەفمەندانە دژی ئێمە بەڕێوە دەچێت كە ڕەنگە ‏ببێتە هۆی هەرەسهێنانی ئەو مۆدێلەی عێراقێكی فیدراڵی كە ئەمریكا لە ساڵی ‏‏٢٠٠٣دا پاڵپشتیی كرد و لەو كاتەوە پشتی دەگرێت"، مەسروور بارزانی وا دەڵێت.‏

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023 لەلایەن توركیاوە ‏ڕاگیرا، پاش ‏ئەوەی كە ئەنقەرە سكاڵایەكی لەوبارەیەوە لە دادگای ‏نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی پاریس بە ‏بەغداد دۆڕاند.‏

بڕیارەكەی دادگای پاریس، حكومەتی هەرێمی ناچار كرد بە ‏ڕادەستكردنی نەوت بە ‏بەغداد و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیای ‏بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕازی ‏ببێت. لە ماوەی نزیكەی شەش ‏مانگی ڕابردوویشدا، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، ‏ملیاران دۆلار ‏زیان بە هەرێمی كوردستان گەیشتووە.‏