پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دوادەخات و پەرلەمانتارانی کورد ھەڵوێست وەردەگرن
پەرەگراف
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا دەنگدانی بۆ بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بۆ سبەینێ دواخست، پەرلەمانتارانی کورد وەک ناڕەزاییەک دانیشتنی پەرلەمانیان بەجێھێشت.
بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان واژۆیان کۆکردەوەو داوای دواخستنی بڕگەی دەنگدان بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان کرد، ھەربۆیە ئەو بڕگەیە لە کارنامەی دانیشتنەکە لابرا.
ئەو لایەنانە لە بەرامبەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، داوای بە پارێزگابوونی تەلەعفەر دەکەن، ئەمەش بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە.
پڕۆژەکە لە کۆبوونەوەی ١٣-٣-٢٠٢٣ی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراقدا پەسەند کرا و ڕەوانەی پەرلەمان کرا، دوای ئەوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو کرد و ڕەوانەی حکومەتی عێراقی کرد، کە تێیدا ئەوەخراوەتەڕوو، هەڵەبجە شیاوی ئەوەیە بکرێتە پارێزگا.
نزیكەی نۆ ساڵە فەرمانی بە پارێزگابونی هەڵەبجە لە هەرێمی كوردستانەوە دەركراوە، بەڵام لە عێراق بە رەسمی نەناسێنرا، لە رووی ئیداریشەوە هەڵەبجە بە دەست چەندین كێشە و گرفتەوە دەناڵێنێت کە بوونەتە سەرچاوەی ڕەخنەو گلەیی دانیشتوانەکەی.