پەرەگراف
مامۆستایانی وانەبێژ جارێكی دیكە هاتنەوە سەر شەقام و جەخت دەكەنەوە كە "سازش لە داوا ڕەواكەمان ناكەین كە دامەزراندنە بە هەمیشەیی" و دەڵێن "داواكاریی ئێمە پێدانی مووچە نییە، بەڵكو تەنیا دامەزراندنە بە هەمیشەیی".
ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ بەردەم پەروەردەكانی لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕانیە، كەلار، سەیدسادق، چەمچەماڵ، شارەزوور و کفرى گردبوونەوەیان ئەنجام دا و ڕایانگەیاند، تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی حكومی بەدەم داواكارییەكەیانەوە نەهاتووە.
كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، دەڵێت "نەك بەدەم داواكاریی مامۆستایانەوە نایەن، بەڵكوو شەقیشیان تێ هەڵدەدەن و لەسەر داواكاریی خۆیان دەدرێنە دادگا و ستەمیان لێ دەكرێت".
كارزان فیزیك ئاماژەی بەوە كرد كە "بەپێی دەستوور و یاسا، نابێت دامەزراندن لە كەرتی پەروەردەدا ڕابگیرێت". دەشڵێت "ئەوەندەی گرنگی بە هێزی سەربازی و چەكداری دەدرێت، بە نیوەی ئەوەی گرنگی بە كەرتی پەروەردە نادرێت".