مەسرور بارزانی: توانیمان لەگەڵ سوودانی بگەینە ڕێککەوتنێکی گونجاو بۆ دابینکردنی مووچە
پەرەگراف
دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی ٧٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ ماوەی سێ مانگ، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، توانییان بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی بگەنە ڕێککەوتنێکی گونجاو، بۆ دابینکردنی مووچەی هاووڵاتیان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوپاسی خۆڕاگریی خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات کە پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێم و دەشڵێت "ڕێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیریی هەرێم تێک بدەن".
دەقی راگەیەندراوێک لە مەسرور بارزانییەوە
بە پشتبەستن بەخوای گەورە و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەلکی کوردستان بکەین و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بگەینە ڕێککەوتنێکی گونجاو ، بۆ دابینکردن مووچەی هاووڵاتیان.
سوپاس بۆ پشوودرێژیی هاونیشتمانیانی خۆڕاگر کە متمانەیان بە حکومەتەکەی خۆیان لە دەست نەدا. سوپاس بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە پاڵپشت و ڕێنیشاندەرمان بوو لە زاڵبون بە سەر کۆسپەکاندا. سوپاس بۆ پالپشتی و ڕۆڵی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردن و سەرخستنی پرۆسەی دانوستان لە گەل حکومەتی فیدرال. سوپاس بۆ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی فیدرال کە پشتیوانمان بوون. سوپاس بۆ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستیانەکان لە پەرلەمانی عێراقی فیدرال کە پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. سوپاس بۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە بێ ماندووبوون و بە هەستێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتی توانییان لەم ئەرکە قورسەدا سەرکەون.
بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خوشەویست و ڕێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێک بدەن.