عێراق بڕیاریدا مانگانە ٧٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم بنێرێت بۆ ماوەی سێ مانگ

17-09-2023 03:20

پەرەگراف

حکومەتی عێراق ڕەزامەندیی پیشاندا ترلیۆنێک و ١٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ مووچەی سێ مانگ.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پێشنیارێکی حکومەتی هەرێمی تاوتوێ کرد کە داوای ناردنی ٨٠٠ ملیار دیناری مانگانەی کردبوو بۆ ماوەی ٦ مانگ بە مەبەستی دابەشکردنی مووچە، حکومەتی عێراق دوای تاوتوێ کردنی پێشنیارەکە ڕەزامەندیی پیشاندا بە ڕەوانەکردنی ٧٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ ماوەی سێ مانگ.

ئەو  پارەیەی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ هەرێمی بنێرێت بە قەرز و لەڕێی بانکەکانی ڕەشیدو ڕافیدەینەوە دەبێت تا ئەو کاتەی هەردوو حکومەتی پاکتاوی دارایی لەگەڵ یەکتریی دەکەن و کێشەکانیان چارەسەر دەکەن.

پارەکەی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەو بۆ هەر مانگێک ٢٤٠ ملیار دینار کورتهێنانی هەیەو پێویستەی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم پڕبکرێتەوە.

دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی حکومەتی عێراق، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، توانییان بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی بگەنە ڕێککەوتنێکی گونجاو، بۆ دابینکردنی مووچەی هاووڵاتیان.

 سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوپاسی خۆڕاگریی خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات کە پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێم و دەشڵێت "ڕێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیریی هەرێم تێک بدەن". 

بڕیاری ناردنی ٧٠٠ ملیار دیناری مانگانە، دوای سەردانی هەفتەی ڕابردووی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم دێت بۆ بەغداد بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەو لایەنەسیاسییەکانی عێراق کۆبوونەوە لەسەر پرسی مووچەو بودجە، بەرلەو سەردانە عێراق ڕەزامەندبوو بۆ ماوەی سێ مانگ، مانگانە ٥٠٠ ملیار دینار بە قەرز بداتە ھەرێم، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئامادە نەبوو وەری بگرێت و ڕایگەیاند، ٥٠٠ ملیار دینار لەگەڵ 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بەشی مووچە ناکات، ئێستا کە بەغداد ئەو بڕە پارەیەی بۆ ٧٠٠ ملیار زیادکرد، لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا ٨٠ ملیاری زیادە لە مووچەی مانگانە.

زیاتر لە نیوەی مانگی ٩ تێپەڕیوەو، هێشتا مووچەی مانگی حەوت دابەش نەکراوەو مووچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانیی ڕاگەیاندنی خشتەو کاتی دابەشکردنی مووچەن و حکومەتی هەرێم گیرفانی بەتاڵەو ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشارێکی تووندی مووچەخۆران بووەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند دەستی کردووە بە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران.

هێشتا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە بنێرێت کە یەک ترلیۆن و ٣٧٥ ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک و لەو بڕەش ٩٠٦ ملیاری ‏تەرخانكراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، پاساوی عێراق بۆ نەناردنی پشکی هەرێم "پابەندنەبوونی" حکومەتی ھەرێمە بە جێبەجێ کردنی یاسای بودجەو ڕادەست نەکردنی داھاتە نەوتیی و نا نەوتییەکان، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو دەڵێت، ئەوان پابەندن و بەغداد پابەند نەبووە، زیانمەندی ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنەی نێوان هەردوو حکومەت مووچەخۆراننکە لەچاوەڕوانیی بیستنی هەواڵێکی خۆشدان لەبارەی مووچەکانیان.