وەزیری بەرگریی ئێران: لە خولەكی 90دا هەڵسانگاندن بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی ئەمنی دەكەین و بڕیار دەدەین

17-09-2023 01:53

پەرەگراف

وەزیری بەرگریی ئێران جەخت دەكاتەوە كە وادەی جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ عێراق درێژ ناكەنەوە و دەڵێت "لە خولەكی 90دا هەڵسانگاندن بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەكە دەكەین و بڕیار دەدەین".

ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی نزیك لە سوپای پاسداران بڵاوی كردەوە، ئەمیر محەمەدڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی و پشتیوانیی هێزە چەكدارەكانی ئێران، دەربارەی ڕێكەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق بۆ لەچەك داماڵین و گواستنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵات بۆ ناو كەمپ، ڕایگەیاندووە "هیچ درێژكردنەوەیەكی ئەو وادەیە لای ئێمەوە نییە، لە شوێنی خۆیدا و لەسەر بنەمای ئەو ڕێكەوتننامەی كە كردوومانە، هەنگاو دەنێین".

ئاشتیانی لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێران، دەربارەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەكە، دەڵێت "هەندێك لە كارەكان ئەنجام دراون، ئێمە لە خولەكی 90دا هەڵسەنگاندن دەكەین و لەسەر بنەمای ئەو هەڵسەنگاندنە بڕیاری خۆمان دەدەین".

ڕێكەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران كە مانگی سێی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێم واژۆ كرا، سەرەكیترین خاڵی، چەككردنی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێم و نیشتەجێكردنیانە لە كەمپدا. تەنیا شەش مانگیش بۆ جێبەجێكردنی دیاری كراوە.

دوو ڕۆژی دیكە كە دەكاتە 19-9-2023، وادەی جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەكە كۆتایی دێت و ئێران لەسەر زاری چەندین بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی دەرەوە و بەرگری جەخت لەوە دەكاتەوە كە وادەكە درێژ ناكاتەوە.

هەفتەیەكە ئێران جووڵەی بە هێز و چەكی قورس بۆ سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی ڕێكەوتننامەكەدا، هەڕەشەی هێرش بۆ سەر بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم دەكات.

ڕۆژی 13-9-2023، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانی ئێرانی كرد و لە تارانەوە بەڵێنی پابەندبوون بە ڕێكەوتننامەكەی دووپات كردەوە. وتیشی "نەخشەڕێگایەكمان بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی ئەمنی داڕشتووە، حكومەتی ناوەندی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پلانەكەیان جێبەجێ‌ كردووە و لە دوو ڕۆژی ئایندەدا كۆتایی پێ‌ دێت".

فواد حسێن داوایشی لە میدیا ئێرانییەكان كرد كە دوای دوو ڕۆژی دیكە، "بێنە هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەكە ببین".

سەرچاوەیەكی ئاگاداری هەرێمی كوردستان كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانیی ڕاگەیاندووە كە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران بە ڕێكەوتننامەی ئەمنی ڕازی بوون و داخستنی بارەگاكانیان لەسەر سنووری هەرێم و شوێنەكانی دیكە دەستی پێ‌ كردووە، هێزەكانیان پاش لەچەك داماڵین، بۆ ئەو كەمپانەی كە پێشتر لە هەولێر و سلێمانی ئامادە كراون، دەگوازرێنەوە.