ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی؛ مانگرتن لە ڕۆژهەڵات و بەسەربازگەکردنى شارى سەقز
پەرەگراف
لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا، لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتن بەڕێوەچوو، دووكان و بازاڕەكان داخران. هاوكات حكومەتی ئێران لە شاری سەقز ڕێوشوێنی ئەمنیی توندی گرتووەتە بەر بۆ ڕێگری لە هەر چالاكییەك و باوكی ژیناش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە چەند كاتژمێرێك دەسبەسەر كرا دواتر ئازاد كرا.
ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی)، كچێكی تەمەن 22 ساڵی كوردی خەڵكی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوو، دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە لە تاران و گیانلەدەستدانی لە 16-9-2022، كاردانەوەی فراوانی لە ئێران و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لێ كەوتەوە، بەهۆیەوە ماوەیەكی زۆر خۆپیشاندان بەڕێوە چوو و دەیان خۆپیشاندەر بە تەقە و ئەشكەنجەی هێزە چەكدارییەكانی ئێران گیانیان لەدەست دا، ناڕەزایەتییەكانیش بە "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازاد" ناوی دەركرد.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە چاودێریی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، دەڵێت "سەرەڕای گوشار و هەڕەشەكانی پێشتری كۆماری ئیسلامی، بەلای كەمەوە كاسبكاران و بازاڕییەكانی كوردستان لە 18 شار مانگرتنیان ڕاگەیاندووە".
بۆكان، دێولان، مەریوان، ئورمیە، سنە، كامێران، بانە، قوروە، ئیلام، بیجاڕ، ڕوانسەر، سەقز، مەهاباد، شنۆ، دیواندەرە، سەردەشت، پاوە و میاندواو، ئەو شارانەن تێیاندا مانگرتنی داخستنی دووكان و بازاڕەكانیان بەڕێوە چووە.
بەپێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو دەكرێنەوە، لە شاری سەقزی زێدی ژینا ئەمینی، هێزی ئەمنی و سەربازیی زۆر بڵاوەی پێ كراوە و ڕێگری لە ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاكییەك بۆ ساڵیادی ژینا ئەمینی دەكرێت.
هەنگاو دەڵێت "بارودۆخی شاری سەقز بەتایبەت دەوروبەری ماڵی بنەماڵەی ئەمینی و ڕێگەكانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی (گۆڕی ژینا)، بە چڕوپڕی میلیتاریزە كراوە و هێزە سەربازی - حكوومەتییەكان لە هەموو شوێنێكی ئەو شارە پڕچەك و بە كەرەستەی شەڕەوە جێگیر كراون".
بەپێی ئەو هەواڵانەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردوونەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ لە كاتتی هاتنە دەرەوەی لە ماڵەوە، ئەمجەد ئەمینی، باوكی ژینا ئەمینی، لەلایەن "هێزەكانی سوپای پاسداران"ی ئێرانەوە دەستبەسەر كراوە و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
هەرچەندە میدیاكانی نزیك لە سوپای پاسداران ڕەتیان كردەوە كە ناوبراو دەستگیر كرابێت، بەڵام دواتر هەنگاو ڕایگەیاند "ئەمجەد ئەمینی كاتژمێر ١ی نیوەڕۆ بە كاتی تاران و دوای چوار كاتژمێر لە دەستبەسەركرانی، بە شێوەی پارێزراو بۆ ماڵەوە گەڕێندرایەوە".
وەكوو ڕێكخراوەكە باسی دەكات، ئەمجەد ئەمینی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەكەی "بە شێوەی نایاسایی لەلایەن هێزە حكوومەتییەكانەوە لە ماڵەوە بەند كراون و لە دوو لای كۆڵانەكەیانەوە هێزەكانی سوپای پاسداران جێگیر كراون".
سەرەڕای ئەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی ئێران بنەماڵەی ژینا ئەمینییان ئاگادار كردبووەوە كە نابێت هیچ مەراسیمێك لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی كچەكەیاندا ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاند "لە ساڵیادی گیانبەختكردوونی كچە شیرینەكەمان ژینا (مەهسا) ئەمینی، لەسەر گۆڕی ئەو ئازیزە كۆچكردووە كۆ دەبینەوە و ڕێوڕەسمی ڕەسەن و ئایینیی ئەو ساڵیادە بەڕێوە دەبەین"، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدرا.
ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی)، ڕۆژی 13-9-2022 لە شاری تاران و بە پاساوی بە باشى ڕەچاونەكردنی باڵاپۆشى (حیجاب)، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە دەستگیر كرا و دوای چەند كاتژمێرێك باری تەندروستیی تێكچوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، دواتر لە 16ی مانگ گیانی لەدەست دا.
حكومەتی ئێران دەڵێت، ژینا جەڵتەی مێشك لێی داوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە، بەڵام كەسوكاری و ڕێكخراو و چالاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ئەوە ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن، ژینا بەهۆی ئەشكەنجەدان و ئەو فشارە زۆرەی لەسەری بووە، تەندروستیی تێك چووە و دواتر گیانی لەدەست داوە.