پەرەگراف
ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری 10 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و براكەی دەڵێت "باری تەندروستیی زۆر خراپە و كێشی زۆر دابەزیوە". ئەمڕۆ دایك و خوشكێكی گوهدار زێباری سەردانی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان لە زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێر كردووە و دایكی دەڵێت "كوڕەكەمم وەكوو مردوویەكی نیوەزیندوو بینی".
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جارێكی دیكە داوا لە ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم دەكات "بە زوویی" گۆهدار زێباری ئازاد بكەن و دەڵێت "دەستگیركردنەكەی ئاماژەیەكە بۆ سەركوتكردنی ڕۆژنامەنووسان كە لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕیندا مافەكانی خۆیان پیادە دەكەن".
دایكی گوهدار زێباری ئەمڕۆ پاش بینینی كوڕەكەی لە زیندانی ئاسایش، وتی "كوڕەكەم زۆر كێشی دابەزیبوو، بەهۆی ئەوەی ماوەی 10 ڕۆژە لە مانگرتندایە و بڕیاری داوە تا دیاریكردنی ڕۆژی دادگا و یەكلانەكردنەوەی كەیسەكەی، مانگرتن نەشكێنێت".
دایكی ئاماژە بەوەش دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا گوهدار "خاوەن مۆڕاڵ و ئیرادەیەكی بەهێز بوو".
زێدان زێباری، برای گوهدار زێباری، بە پەرەگرافی وت "پاش سەردانەكەی ئەمڕۆ، خوشكەكەم بە تەلەفۆن پێی وتم كە باری تەندروستیی گوهدار زۆر خراپە و كێشی زۆر دابەزیوە".
برای ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت "من خۆم ڕۆژی شەممەی ڕابردوو گوهدارم بینی، پێی وتم كە بەردەوام دەبم لە مانگرتن لە خواردن تا كەیسەكەم یەكلا دەكرێتەوە، ئەم جارە بە هیچ شێوەیەك مانگرتن ناشكێنم".
پاش ئەوەی كە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو كەسوكاری گوهدار زێباری لە دەستەی مافی مرۆڤ سكاڵایان لەسەر ئاسایشی هەولێر تۆمار كرد بەهۆی ئەوەی "مانگێكە دەستی دەستی بە دۆسیەی گوهدار دەكات"، ئەمڕۆ زێدان زێباری بۆ پەرەگراف وتی "لیژنەیەكی دەستەی مافی مرۆڤ ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سەردانی گوهداریان كردووە".
هەرچەندە ئاسایش بە لیژنەكەی دەستەی مافی مرۆڤی وتووە كە كەیسەكەی گوهدار لای ئەوان نەماوە و ڕەوانەی دادگا كراوە، بەڵام براكەی گوهدار زێباری دەڵێت "تا ئێستا لەبارەی ڕەوانەكردنی كەیسەكە بۆ دادگا و دیاریكردنی ڕۆژی دادگاییكردنەكەی، هیچیان بە پارێزەران نەوتووە".
چوار ڕۆژ لەمەوبەر، لقی عێراقی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، جارێكی دیگە داوای ئازادكردنی گوهدار زێباری كرد و ڕایگەیاند "ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری ماوەی شەش ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە، لەكاتێكدا سەرباری تەواوكردنی ماوەی سزای زیندانیكردنی لە ١٦ی ئابی ٢٠٢٣، لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر كراوە و لە ٢٣ی ئابدا ئاگادار كراوەتەوە كە تۆمەتی دیكەی ئاراستە كراوە".
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختی لەوە كردووەتەوە كە گوهدار زێباریی لە ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠دا "بەبێ بوونی فەرمانی دادوەر، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كراوە و بۆ ماوەی دوو مانگ بێسەروشوێن بووە. لە مانگی شوباتی ٢٠٢١ لە دادگاییكردنێكی ناداپەروەرانەدا بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزا درا".
ڕێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە بەر لە دەستگیكردنی، ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری لەسەر دۆسیەكانی "مافی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین و گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان" كاری كردووە.
دوایین دۆسیە كە لە دژی ئەو ڕۆژنامەنووسە كراوەتەوە، دەستبەسەرداگرتنی چەكێكی تاپڕە لەو ماڵەدا كە گوهداری تێیدا دەستگیر كراوە و خاوەندارێتیی چەكەكە دراوەتە پاڵ ئەو.
ڕۆژی 17-8-2023، زێدان زێباری، برای گوهدار زێباری، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "ئەو ڕۆژەی گوهدار دەستگیر كراوە، لە ماڵی خوشكێكم بووە لە ئاكرێ، تاپڕێكی كۆنی ساڵی شەستەكان كە هی باوكی دایكمە، لە ماڵەكەدا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە".
براكەی گوهدار زێباری وتیشی "بیست شاهێد دەهێنم كە ئەو تاپڕە هی گوهدار نییە".
ئەمە سێیەم دۆسیەیە لە دژی گوهدار زێباری دەكرێتەوە. ئەو ڕۆژنامەنووسەی بادینان پاش سزادانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن هاوشێوەی هاوڕێكانی و دواتر كەمكردنەوەی سزاكەیان بە ڕێژەی لەسەدا 60 لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، دەبوو لە ڕۆژی 16-3-2023 ئازاد بكرایە، بەڵام یەك ڕۆژ بەر لە ئازادبوونی، دۆسیەیەكی دیكە لە دژی كرایەوە و حەوت مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە بڕیارەكە تەمیز كرا، بەڵام سزاكە تەنیا بۆ پێنج مانگ كەم كرایەوە.
لە سكاڵای دووەمدا، ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری تۆمەتبار كرا بەوەی كە لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە شۆفرلێتەوە گۆڕیوە بۆ تیۆتا، بەڵام خۆی ئەو تۆمەتەی ڕەت كردەوە و وتی "كە ئۆتۆمبێلەكەم كڕیوە، ئەو لۆگۆیەی پێوە بووە و من نەمگۆڕیوە".
بەشدار حەسەن، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پاش ئەوەی كە تانەمان لە بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر دا لەسەر سزادانی ڕۆژنامەنووس گوهدار زێباری بە حەوت مانگ زیندانی لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی، كە هەق وابوو تەنیا پێبژاردن بوایە، بەڵام دادگا لەبری ئەوەی بیكاتە پێبژاردن یان بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا تەعدیلێكی سزاكەی كرد".
ئەو پارێزەرە دەڵێت "ئەمە زوڵم و ستەمێكی زۆر گەورە بوو لەو ڕۆژنامەنووسە كرا. تەحەدا دەكەم لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش یەك كەس لەسەر ئەم جۆرە سەرپێچییانە سزای بەوشێوەیە توندی بەسەردا سەپێندرابێت".
یەكێكی دیكە لە پارێزەرانی دەستگیركراونی بادینان دەڵێت "گوهدار زێباری هەر لەو كاتەی كە ئۆتۆمبێلەكەی لە ئاكرێ كڕیوە، چەمبەر (عەتەر، ئەو بەشەی پێشوەی ئۆتۆمبێل كە لۆگۆی كۆمپانیاكەی پێوەیە) گۆڕدراوە و گرێبەستی كڕینی ئۆتۆمبێلەكەشی هەیە".
ئەو پارێزەرە وتیشی "پێمان وایە كاریگەریی دەرەكی لەسەر دادگا هەیە و دەبوو سزاكە زۆر لەوە كەمتر بێت و بكرێت بە پێبژاردن".
پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا) لە ڕۆژی 16-2-2021 و پاش ماوەیەكی زۆر لە دەستگیركردنیان، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا، تۆمەتێك كە خۆیان و پارێزەرانیان ڕەتیان كردەوە و "هیچ بەڵگەیەك"یشی لەسەر نەبوو، بە "سزای سیاسی" ناویان برد.
دوای ناڕەزایەتی و كاردانەوە و فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سزای هەر پێنجیانی بە ڕێژەی لەسەدا 60 كەم كردەوە، بەڵام دواتر كەمكردنەوەی سزای شێروان شێروانی دەستكاری كرا و بۆ لەسەدا 50 كەم كرایەوە.
ڕۆژی 16-3-2023 هەریەك لە شڤان سەعید، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا ئازاد كران و گوهدار زێباری دۆسیەی دووەمی لە دژ جوڵێندرا، دواتریش دۆسیەیەكی دیكە لە دژی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی جوڵێندرا و تۆمەتبار كرا بەوەی كە "پەنجەمۆری گۆهدار زێباریی ساختە كردووە". لەسەر ئەو دۆسیەش سزای چوار ساڵی دیكە زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.