لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم سکاڵا لەدژی حکومەتی عێراق تۆمار دەکرێت

16-09-2023 12:59

پەرەگراف

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سکاڵا لە دژی حکومەتەکەی سوودانی تۆمار دەکات لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.

پەرلەمانتار مستەفا جەبار سەنەد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "پارێزەرەکەمم ڕاسپاردووە کە سکاڵایەک لەدژی ئەنجومەنی وەزیران تۆمار بکات سەبارەت بە پێدانی پێشینەکان بە هەرێم لە دەرەوەی مافی یاسای بودجە".

بەرلە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەسەر سکاڵای هەمان پەرلەمانتار لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵدا دادگای فیدڕاڵی عێراق ناردنی 200 ملیاری دیناری لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە.

بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوەو هەرێمی کوردستان چاوی لەوەیە ئەو پێشنیارە پەسەند بکات کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر شاندی باڵای هەرێم لە سەردانیان بۆ بەغداد خستیانەڕوو و بریتییە لە پێدانی ٨٠٠ ملیار دینار مانگانە بە هەرێم بۆ ماوەی شەش مانگ.

زیاتر لە نیوەی مانگی ٩ تێپەڕ دەبێت، هێشتا مووچەی مانگی حەوت دابەش نەکراوەو مووچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانیی ڕاگەیاندنی خشتەو کاتی دابەشکردنی مووچەن و حکومەتی هەرێم گیرفانی بەتاڵەو ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشارێکی تووندی مووچەخۆران بووەتەوەو چاوی لە دەستی بەغدایە پارەی مووچەی بۆ ڕەوانە بکات کە مانگانە ٩٤٠ ملیار دیناری پێویستە.

هێشتا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە بنێرێت بە پاساوی "پابەندنەبوونی" حکومەتی ھەرێم بە جێبەجێ کردنی یاساکەو ڕادەستکردنی داھاتە نەوتیی و نا نەوتییەکان، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو دەڵێت ئەوان پابەندن و بەغداد پابەند نەبووە، زیانمەندی ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنەی نێوان هەردوو حکومەت مووچەخۆراننکە لەچاوەڕوانیی بیستنی هەواڵێکی خۆشدان لەبارەی مووچەکانیان.

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پاش ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتییەكان و لایەنەكانی عێراق، ١٤ی ئەم مانگە لە بەغداوە ڕایگەیاند "زۆر زۆر گەشبینم كە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری باش دەدرێت".

مەسروور بارزانی دووپاتی كردەوە كە "ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هەموو بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بەپێی دەستوور بكەین، هەموو شایستە داراییەكان و مافە دەستوورییەكانی هەرێم دەستەبەر بكەین".

سەرۆكی حكومەت وتیشی "گفتوگۆ لەسەر ڕێكارەكان كرا، بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ جەنابی سەرۆكوەزیراندا پاڵپشتیی لایەنە سیاسییەكانیش دابین بكەین، تا بتوانین بە ئەنجامێكی باش بۆ خەڵكی هەرێم بگەڕێینەوە".

"با چاوەڕوان بین تا هەموو كۆبوونەوەكان تەواو دەبن. یەكشەممەیش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام دەدرێت و زۆر لەو بابەتانەی كە ئەمڕۆ باسی لێ‌ كراوە، لەوانەیە لەوێ‌ بڕیاری لێ‌ بدرێت"، مەسروور بارزانی وای وت.