مانگرتنی فراوان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستی پێ كردووە؛ باوكی ژینا ئەمینی دەستگیر كرا
پەرەگراف
لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا، لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتن دەستی پێ كردووە، دووكان و بازاڕەكان داخراون. هاوكات حكومەتی ئێران لە شاری سەقز ڕێوشوێنی ئەمنیی توندی گرتووەتە بەر بۆ ڕێگری لە هەر چالاكییەك و باوكی ژیناش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرا.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە چاودێریی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، دەڵێت "سەرەڕای گوشار و هەڕەشەكانی پێشتری كۆماری ئیسلامی، تا هەنووكە كاسبكاران و بازاڕییەكانی كوردستان لە ١٣ شاری بۆكان، دێولان، مەریوان، سنە، كامێران، بانە، سەقز، مەهاباد، ڕوانسەر، ئورمیە، شنۆ، دیواندەرە و كرماشان لە مانگرتنی گشتی بەردەوامن".
ڕێكخراوەكە ئەمڕۆیش بڵاوی كردەوە "ئەمجەد ئەمینی، باوكی گیانبەختكردوو ژینا ئەمینی، هاوكات لەگەڵ ساڵیادی كوژرانی كچەكەی لەلایەن هێزە حكوومەتییەكانەوە، هەر كە لە ماڵەكەی خۆیان هاتووەتە دەرەوە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر كراوە و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە" هەرچەندە دەنگی ئازادکرانی هەیە، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە.
هەنگاو ئاماژەی بەوە كردووە، سەرەڕای ئەوەی دامودەزگاكانی حكومەتی ئێران بنەماڵەی ژینا ئەمینییان ئاگادار كردبووەوە كە "نابێت ڕێوڕەسمی ساڵیادی كوژرانی كچەكەیان بەڕێوە ببەن"، بەڵام ئەو بنەماڵەیە ڕایانگەیاند "ئێمەی بنەماڵەی ژینا، وەكوو هەموو بنەماڵەیەكی خەمبار، لە ساڵیادی گیانبەختكردوونی كچە شیرینەكەمان ژینا (مەهسا) ئەمینی، لەسەر گۆڕی ئەو ئازیزە كۆچكردووە كۆ دەبینەوە و ڕێوڕەسمی ڕەسەن و ئایینیی ئەو ساڵیادە بەڕێوە دەبەین".
هەنگاو باسی لە ڕێكاری ئەمنیی توند لە شاری سەقز كردووە و دەڵێت "بەگوێرەی ئەو ڤیدییۆیانەی بە دەستی هەنگاو گەیشتوون، هێزەكانی سوپای پاسداران و هێزە نیزامییەكانی كۆماری ئیسلامی لە گەڕەكی حەسەن ئاوای سنە بەشێوەیەكی بەرفراوان بڵاوەیان پێكراوە و بە ئەنجامدانی مانۆڕ ئەم هێزانە كەشێكی میلیتاریزەیان بەسەر ئەم گەڕەكەدا سەپاندووە".
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، هێزە ئەمنییەكانی ئێران ڕێكاری ئەمنییان لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بە تایبەت شاری سەقز گرتە بەر. جگە لە ئەمجەد ئەمینی، ڕۆژی سێشەممەیش سەفا عائێلی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خاڵی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز دەستگیر.
"بارودۆخی شاری سەقز بەتایبەت دەوروبەری ماڵی بنەماڵەی ئەمینی و ڕێگەكانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی (گۆڕی ژینا)، بە چڕوپڕی میلیتاریزە كراوە و هێزە سەربازی - حكوومەتییەكان لە هەموو شوێنێكی ئەو شارە پڕچەك و بە كەرەستەی شەڕەوە جێگیر كراون"، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وا دەڵێت.
ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی)، ڕۆژی 13-9-2022 لە شاری تاران و بە پاساوی ڕەچاونەكردنی حیجاب، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە دەستگیر كرا و دوای چەند كاتژمێرێك ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، دواتر لە 16ی مانگ گیانی لەدەست دا.
حكومەتی ئێران دەڵێت، ژینا جەڵتەی مێشك لێی داوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە، بەڵام و كەسوكاری و ڕێكخراو و چالاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ئەوە ڕەت دەكەنەوە و دەڵێن، ژینا بەهۆی ئەشكەنجەدان و ئەو فشارە زۆرەی لەسەری بووە، تەندروستیی تێك چووە و دواتر گیانی لەدەست داوە.