تورکیا تانە لە بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس دەدات سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم

15-09-2023 10:58

پەرەگراف

تورکیا تانە لەو بڕیارەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس دەدات کە ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار سزای بەسەردا سەپاند و دەبێت وەک قەرەبوو بیدات بە عێراق بەھۆی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەبێ ڕەزامەندیی بەغداد. بۆریی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمیش بۆ تورکیا بەمزووانە ئامادە دەبێتەوە بۆ کارکردن.

وەزیری وزەی تورکیا دەڵێت "وا پێویست دەکات ئەنقەرە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، چونکە عێراق بەدوای چارەسەرێکی هاوڕێیانەوە نییە بۆ بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی کە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەری کردبوو".

ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند "ئێمە دەڵێین کە دەتوانین پێکەوە چارەسەرێکی دۆستانە بدۆزینەوە بۆ ئەم پرسە، بەڵام لایەنی عێراقی بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی، لەبەرئەوە لە ڕوانگەی یاساییەوە پێویستە دەستمان بە بەروەژەوەندییەکانی خۆمانەوە بێت و پێویستە ئاگاداریان بین. ئێمە لە دادگای پاریس تانە دەدەین بۆ هەڵوەشاندنەوە بڕیارەکەی".

تا ئێستا دیار نییە کە تورکیا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بڕیارەکە دەدات یاخود بەشێکی بڕیارەکە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ عێراق لە دادگایەکی فیدڕاڵی ئەمریکا سکاڵای دژی تورکیا تۆمار کردوە بەهۆی پێنەدانی ئەو قەرەبووەی کەدادگای پاریس بڕیاری لەسەر دابوو. بەپێی بڕیاری دادگای پاریس پێدانی ئەو قەرەبووە بەهۆی پێشێلکردنی گرێبەستەکانی نێوان ئەو دوو ڵاتەیە لەلایەن تورکیاوە کە بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ بازرگانی نەوتی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ئەنجام داوە.

بایراکتار ئاماژەی بەوەش دەکات، تورکیا ناچاربووە هەناردەی نەوت هەڵپەسێرێت، چونکە بوومەلەرزەکەی تورکیا کاریگەری لەسەر ئەو شەش پارێزگایە هەبووە کە بۆرییەکە پێیدا تێدەپەڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای 40 ڕۆژ لە بوومەلەرزەکە لافاوێک زیانی بە بۆری نەوتی ناوخۆی تورکیا گەیاند و بووەتە هۆی لێچوونی نەوت.

وەزیری وزەی تورکیا دەشڵێت، دوای کارەکانی چاککردنەوە و پشکنین، رووپێویی بۆریی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیھان کە نەوتی هەرێمی کوردستانی پێدا هەناردە دەکرا تەواو بووەو بەمزووانە ئامادە دەبێت بۆ کارکردن.

هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25-3-2023 لەلایەن توركیاوەڕاگیرا، پاش ئەوەی كە ئەنقەرە سکاڵاکەی لە دادگای ‏نێودەوڵەتیی ناوبژیوانیی پاریس بە بەغداد دۆڕاند.‏

بڕیارەكەی دادگای پاریس، حكومەتی هەرێمی ناچار كرد بەڕادەستكردنی نەوت بە بەغداد و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیای‏ سۆمۆی عێراق، هەرچەندە هەولێرو بەغداد لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون، بەڵام تورکیا لەوکاتەوە بۆرییەکانی داخستووەو بەوەش زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار زیانی بە ئابوریی هەرێم و عێراق گەیاندووە، ھەرچەندە ئەنقەرە ڕاگرتنی ھەناردەی نەوت بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکەی دەگەڕێنێتەوە بەھۆی زەمینلەرزەکەی ئەو وڵاتەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان ئەوە تەنھا پاساوێکەو ھۆکارەکە نییەو تورکیا نایەوێت قەرەبووەکە بداتە عێراق و داوای لێخۆشبوون دەکات.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوت حکومەتی هەرێمی ڕوبەڕوی قەیرانێکی سەختی دارایی کردەوە کە مانگانە توانای پێدانی مووچەی نییەو چاوی لەدەستی بەغدایە بەشە بودجەی بۆ ڕەوانە بکات، بەڵام عێراق هێشتا یاسای بودجەی وەکخۆی جێبەجێ نەکردووەو پشکی ھەرێمی نەناردووە، بەپێی یاسای بودجە حکومەتی هەرێم پابەند کراوە بە ڕادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، عێراق دەیەوێت ئەو نەوتە هەناردە بکرێت و لە ناوخۆدا پێویستی بەو بڕەنییە، بەڵام تورکیا بەربەستی سەرەکییەو بۆ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم گرنگە ئەو گرێیە بکەنەوە.