نەوەی نوێ ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق

14-09-2023 04:09

پەرەگراف

نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقەوە ڕێکاری یاسایی دەستپێدەکات بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن تا سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.

کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق مانگی ١ی ٢٠٢٤ ماوەی یاسایی کۆتایی دێت، ئەوە لەکاتێکدایە ٢٥-٢-٢٠٢٤ وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەو بەھۆی نەبوونی کۆمسیۆنی ھەرێم دەبێت کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی بکات.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق واژۆی کۆکردەوە بۆ ھەمواری یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنەکە بۆ شەش مانگ.

ھەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو واژۆیان لەسەر داواکەی نەوەی نوێ کردووە لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری عەرەب.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت، سەرەڕای دوو جار دیاریكردنی وادەیهەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوەو فشاری ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەریاسای هەڵبژاردن، پڕۆسەکە ئەنجام نەدرا.

لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە نەچووە.