مەسرور بارزانی: سوودانیش ئامادەیی خۆی نیشاندایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

14-09-2023 03:27

پەرەگراف

مەسرور بارزانی پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوەو دەڵێت: سوودانی ئامادەیی خۆی نیشاندایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەشڵێت "لەکۆبوونەوەکەدا جەختم لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان کردەوە. دووپاتمکردەوە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکرێن، پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چیدیکە بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لە چاوەڕوانیدا نەبن. هەروەها بیری هەموولایەکمان خستەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووەو هەمان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە".

"بە بڕوای ئێمە عێراق خاوەن سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و سرووشتییە و بە رەخساندنی کەشێکی لەبار و بەڕێوەبردنێکی باش، هەمووعێراق بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و گەشەسەندووتر هەنگاو دەنێت" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە دۆخێکی سەختدایەو ١٤ ڕۆژ لە مانگی ٩ تێپەڕ دەبێت، هێشتا مووچەی مانگی حەوت دابەش نەکراوەو مووچەخۆرانی هەرێملە چاوەڕوانیی ڕاگەیاندنی خشتەو کاتی دابەشکردنی مووچەن و حکومەتی هەرێم گیرفانی بەتاڵەو ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشارێکی تووندی مووچەخۆران بووەتەوە.

هێشتا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە بنێرێت بە پاساوی "پابەندنەبوونی" حکومەتی ھەرێم بە جێبەجێ کردنی یاساکەو ڕادەستکردنی داھاتە نەوتیی و نا نەوتییەکان، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو دەڵێت ئەوان پابەندن و بەغداد پابەند نەبووە، زیانمەندی ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنەی نێوان هەردوو حکومەت مووچەخۆراننکە لەچاوەڕوانیی بیستنی هەواڵێکی خۆشدان لەبارەی مووچەکانیان.

عێراق ئامادەیە بۆ ماوەی سێ مانگ، مانگانە ٥٠٠ ملیار دینار بە قەرز بداتە ھەرێم، بەڵام ھێشتا حکومەتی ھەرێم ڕەزامەندنەبووە لەسەر وەرگرتنی ئەو قەرزەو دەڵێت، ئەو پارەیەی بەغداد ‏بڕیاری ناردنی داوە، لەگەڵ 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بەشی مووچە ناکات کەپێویستی بە ٩٤٠ ملیار دینارە مانگانە.