نووسینگەی سوودانی: جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێم کرایەوە بەپێی دەستوور

14-09-2023 01:41

پەرەگراف

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ شاندی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت کراوەتەوە لەبارەی مووچە و بودجە بەپێی دەستوور.

شاندی باڵای حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ گەیشتە بەغدادو دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی سەرۆککۆمارو سەرۆکی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان دەکات، ئامانجی سەرەکی شاندەکە دەستەبەرکردنی مووچەو شایستەداراییەکانی هەرێمە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سوودانی جەختیکردووەتەوە کە حکومەتەکەی پشت دەبەستێت بە بنەمای "کارکردن بۆ پتەوکردنی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی بەبێ جیاوازیی"، هەروەها جەختی لە سووربوونی حکومەت کردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

سوودانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەت کاری کردووە و بەردەوامە بۆئەوەی کێشە یاسایی و ئیدارییەکان کاریگەرییان نەبێت لەسەر پێداویستییەکانی ژیانى هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە دۆخێکی سەختدایەو ١٤ ڕۆژ لە مانگی ٩ تێپەڕ دەبێت، هێشتا مووچەی مانگی حەوت دابەش نەکراوەو مووچەخۆرانی هەرێملە چاوەڕوانیی ڕاگەیاندنی خشتەو کاتی دابەشکردنی مووچەن و حکومەتی هەرێم گیرفانی بەتاڵەو ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشارێکی تووندی مووچەخۆران بووەتەوە.

هێشتا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە بنێرێت بە پاساوی "پابەندنەبوونی" حکومەتی ھەرێم بە جێبەجێ کردنی یاساکەو ڕادەستکردنی داھاتە نەوتیی و نا نەوتییەکان، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو دەڵێت ئەوان پابەندن و بەغداد پابەند نەبووە، زیانمەندی ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنەی نێوان هەردوو حکومەت مووچەخۆراننکە لەچاوەڕوانیی بیستنی هەواڵێکی خۆشدان لەبارەی مووچەکانیان.

عێراق ئامادەیە بۆ ماوەی سێ مانگ، مانگانە ٥٠٠ ملیار دینار بە قەرز بداتە ھەرێم، بەڵام ھێشتا حکومەتی ھەرێم ڕەزامەندنەبووە لەسەر وەرگرتنی ئەو قەرزەو دەڵێت، ئەو پارەیەی بەغداد ‏بڕیاری ناردنی داوە، لەگەڵ 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بەشی مووچە ناکات کەپێویستی بە ٩٤٠ ملیار دینارە مانگانە.