فواد حسێن 'هەواڵی دڵخۆشكەر' سەبارەت بە جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی ئەمنی بە ئێران دەدات
پەرەگراف
وەزیری دەرەوەی عێراق "هەواڵی ئەرێنی و دڵخۆشكەر" سەبارەت بە لەچەكداماڵین و كەمپنشینكردنی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات دەداتە ئێران و دەڵێت "لە دوو ڕۆژی ئایندەدا پلانەكە كۆتایی پێ دێت، میدیاكانی ئێران دەتوانن بێن بە چاوی خۆیان بیبینن".
ئەمڕۆ پاش كۆبوونەوەیان لە تاران، هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئێران كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا. وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند كە "هەواڵی ئەرێنی و دڵخۆشكەر"یان سەبارەت بە دوورخستنەوەی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لە سنووری ئێران و كەمپنشینكردنیان لە قووڵایی خاكی هەرێمی كوردستان و هەوڵ بۆ لەچەك داماڵینیان، لە وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێ گەیشتووە و هیوادارن لە "كاتژمێرەكانی داهاتوو و ڕۆژانی داهاتوودا" ئەوەی كە پێیان گەیشتووە، بە تەواوی جێبەجێ بكرێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سووربوونی وڵاتەكەی لەسەر جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق لە ماوەی دیاریكراودا ڕاگەیاند، متمانەی وڵاتەكەشی بە عێراق دووپات كردەوە كە "هاوشێوەی هەموو ڕێكەوتنەكان لە بوارەكانی دیكەدا، ئەم ڕێكەوتننامەیەش جێبەجێ دەكات".
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی "نەخشەڕێگایەكمان بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی ئەمنی داڕشتووە، حكومەتی ناوەندی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پلانەكەیان جێبەجێ كردووە و لە دوو ڕۆژی ئایندەدا كۆتایی پێ دێت".
فواد حسێن داوایشی لە میدیا ئێرانییەكان كرد كە دوای دوو ڕۆژی دیكە، "بێنە هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەكە ببین".
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی كردەوە كە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا "ڕێگە نادەین هیچ گرووپێك خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دیكە بەكار بهێنێت. وتیشی "كاتێك كە ڕایدەگەیەنین پابەندین بە ڕێكەوتننامەكەوە، چاوەڕوانیمان هەیە كە ئەدەبیانی توندووتیژی لە بەینی هەردوو میللەتدا بوونی نەبێت. دەبێت هەموو كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەین و لە هەر ڕێگەیەكی جگە لەوە دوور بكەوینەوە".