شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە تایبەت بە نەوتی هەرێم لە هەولێرە
پەرەگراف
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق، بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی یاسای بودجە تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم، كۆبوونەوە.
كۆبوونەوەكە لە هەولێر و بە سەرپەرشتیی كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت بەڕێوە چوو.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا، وەزیری سامانە سروشتییەكان وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، ئامادەیی وەزارەتەكەی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی عێراق لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵ / ماددەی 12 (أ، ب) دەربڕی".
كەمال محەمەد تیمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بۆ "گفتوگۆی شەفاف" لەگەڵ شاندەكەی وەزارەتی نەوت ڕاسپاردووە.
شاندەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە كۆمپانیا گشتییەكانی نەوتی باكوور، بۆریی نەوت، كۆمپانیای فرۆشتنی نەوت، كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمەكانی نەوت و كۆمپانیای پاڵاوگەی باكوور پێكهاتووە.
ماددەی 12ی یاسای بودجە:
یەكەم: شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 - 2022 پاكتاو دەكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، پشتبەست بەو ماف و پابەندییانەی كە لە یاساكانی بودجەی فیدراڵی تایبەت بە هەر ساڵێكی دارایی هاتووە.
دووەم:
أ- حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە باركردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو كێڵگانەی دەكەونە هەرێم بۆ ئەمبارەكانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) لە بەندەری جەیهانی توركیا، بە جۆرێك لە (400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە) كەمتر نەبێت، بەگوێرەی داتای مانگانەی پێشكەشكراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانو پەسەندكردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم. كۆمپانیای سۆمۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بە هەمان نرخ و میكانیزمی پشت پێ بەستراوی فرۆشتن لەلایەن كۆمپانیای ناوبراوەوە، هەناردەكردنی ئەو بڕە لە ئەستۆ دەگرێت و داهاتەكەی وەكوو داهاتی كۆتایی بۆ خەزێنەی فیدراڵ، تۆمار دەكرێت.
ب- لە حاڵێكدا نەتوانرا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركی یان هەر دەروازەیەكی فەرمیی ترەوە كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاریی بكات، نەوتەكە هەناردە بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە ڕادەستكردنی بڕی نەوتی ئاماژەبۆكراو لە بڕگەی (دووەم/أ)ی ئەم ماددەیە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بەمەبەستی بەكارهێنانی لە ناوخۆدا و بەگوێرەی ئەو پێداویستییەی كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاریی دەكات.
ج- وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووكردنەوەی خەرجییەكانی وەبەرهێنان و گواستنەوەی بڕی ئەو نەوتە بەرهەمهێنراوەی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ كە ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەكرێت، بەگوێرەی هەردوو بڕگەی (1) و (ب)ی ئەم ماددەیە، بە مەرجێك خەرجیی وەبەرهێنان و گواستنەوە هاوتای خەرجیی وەبەرهێنان و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت بێت لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و بە لێكدانی لەگەڵ ژمارەی ئەو بەرمیلانەی كە ڕادەست دەكرێن، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم ماددەیە.
د- حكومەتی هەرێم پابەندە بە ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت، بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ، بە مەرجێك دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، وردبینی بكات لەو تۆمارانەی كە تایبەتن بەم داهاتانەوە.
هـ- وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند دەبێت بە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە، دوای جێبەجێكردنی بڕگەكانی (أ، ب، ج، د)ی ئەم ماددەیە، دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بكرێت و ئەو وەزارەتە بودجەی پێداچوونەوەی مانگانە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری بنێرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو تێكڕای حساباتی مانگانەی دەوڵەتەوە، بە مەرجێك حسابی تایبەت بە ماف و پابەندییە نەوتی و نانەوتییەكانی هەردوولا پاكتاو بكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێم، لەسەر بنەمای وەرزی، بە جۆرێك گرەنتیی پێدانو پاكتاوی ئەو شایستانە بكات بەشێوەیەكی ڕێكوپێك.
و- ئەو پارانەی بانكی بازرگانیی عێراق كە لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومی و تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێت و وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەڵدەسێت بە دانانی خشتەی قیستی مانگانەو لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، پێدانەوەی قیستەكان لە ساڵی دارایی 2023 دەست پێ دەكات بۆ ماوەی (7) ساڵ.