نێچیرڤان بارزانی: پابەندین بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چاوەڕێی کۆمسیۆنی عێراقین

13-09-2023 12:19

پەرەگراف

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پابەندن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥ی شوباتی داهاتوو.

"ئێستا ئەم بابەتە پەیوەندی بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە هەیە كە نامەشم بۆیان نووسیوە و چاوەڕوانین ئەوان دەست بە هەنگاوی كردەیی بكەن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و لە هەموو لایەنەكانەوە پابەندین بەم بابەتەوە" نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وای وت.

لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد لەسەر پرسی مووچە، سەرۆکی هەرێم وتی، بەردەوام لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵن، "‌بێگومان بۆ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەكی ڕەوایە و مافى خۆیانە، ئەوەی گرنگه‌ ئه‌وه‌يه‌ كە نابێت پرسی مووچە تێكەڵی هیچ بابەتێك بكرێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر پابه‌ندييه‌كى لە ماوه‌ی پێش یاسای بودجەدا، هەمووی جێبەجێ كردووە، بەوپەڕی شەفافییەتیشەوە لەگەڵ بەغدا هەڵسوكەوتی كردووە. لەو باوەڕەداین بەغداش هەر بەم شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات".

لە وەڵامی پرسیارێكدا کە ئایا هەرێمی كوردستان لە پرسی ئابووريدا شكستی هێناوە، نێچیرڤان بارزانی وتی "پێموانییە هەرێمی كوردستان شكستی هێنابێت لەو بابەتە. سەیری دۆسیەكانی پێشوو بكەن لەو پرسەدا ئیشی زۆر باش كراوە، كێشەش هەبوو، كێشەكانیش دەبێت بە گفتوگۆ و دایەلۆگ چارەسەر بكرێن، بەڵام لەم پرۆسەیەدا هەرێمی كوردستان شكستی نەهێناوە".