مەسرور بارزانی سەردانی بەغداد دەکات بۆ دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکان

13-09-2023 09:36

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بەنیازە سەردانی بەغداد بکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتیانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بدەن.

"پشوودرێژی ئێمە مانای لاوازی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆری ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئاقارێکی دیکەداببرێن، دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافەدەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین" سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە میانی لێدانی زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێیخوێندن لە قوتابخانەیەکی ھەولێر وای وت.

وتیشی "خۆمان دەزانین لەوانەیە زۆر فشار بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی ئەزموونەکەی ئێمە دووچاری شکست ببێت، یان بەرەوپێشەوە نەچێت. یەکێک لە هۆکارەکانی بەرەوپێشچوونی وڵاتەکە، ئەمەیە کە نەوەی داهاتووی ئێمە باشتر بێت، خوێندنی باشتر و پەروەردەیباشتر بتوانێت وڵاتێکی باشتر و خۆشترمان بۆ ئاوەدان بکات، بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەک، ئێمە بکەوینە ژێر فشاری هیچ لایەنێک، کە خوانەخواستە نەهێڵین کەرتی پەروەردە یان خوێندن بەردەوام بێت، من زۆر سوپاسی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەم، کە دەزانم لەڕوویمادییەوە چەند تووشی گرفت بووبن، بەڵام ئەوەی ئێمە پێمان بکرێت لە حکومەتی هەرێم، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆئەوەی ئەم قەیرانە و ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا هەیە، تێپەڕێت".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات، "بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، کاتێک کە خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە ئێستا هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن. دەمانەوێت بزانین لەبەرچی سیاسەتی برسیکردنیخەڵکی کوردستان دەگرنەبەر، ئێمە پێمان وایە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی هەموو عێراقە، بووژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان بووژانەوەی ئابووری هەموو عێراقە".

سەبارەت بە سەردان و ڕێککەوتنەکانی ڕابردوویان، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم وتی "لێرەدا هەندێک کێشە و گرفت هەن، ئێمە پێشتر لەسەردانەکانماندا بۆ بەغدا زۆر رێککەوتنی باشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەنجامدا و ئەو رێککەوتننانە پێمان وابووە دەبنە هۆکارێک بۆ سەقامگیری زیاتری عێراق و پێشخستنی وڵاتەکەمان، بەڵام بەداخەوە رێگریان لێکرا و نەیانهێشت رێککەوتنەکانی ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران بکەونە بواری جێبەجێکردن، بەڵام ئێمە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە جارێکی تریش رێگەی چارەسەر بدۆزینەوە، بۆیە لە سەردانەکەماندابۆ بەغدا هەموو هەوڵێک دەدەین بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین، بۆئەوەی بەشێك لەو مافەی کە مامۆستایانیش دەگرێتەوە، بێتە دی و ئینشائەڵڵا بەبێ ئەوەی خەمی مووچە و بژێوی ژیانی خۆیان بێت، بەردەوام بن لە پەروەردەکردنی گەنج و قوتابییە خۆشەویستەکانمان".

ئەوە لە کاتێکدایە ١٣ ڕۆژ لە مانگی ٩ تێپەڕ دەبێت، هێشتا مووچەی مانگی حەوت دابەش نەکراوەو مووچەخۆرانی هەرێملە چاوەڕوانیی ڕاگەیاندنی خشتەو کاتی دابەشکردنی مووچەن و حکومەتی هەرێم گیرفانی بەتاڵەو ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشارێکی تووندی مووچەخۆران بووەتەوە.

ئەو دۆخە لەکاتێکدایە هێشتا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە بنێرێت بە پاساوی "پابەندنەبوونی" حکومەتی ھەرێم بە جێبەجێ کردنی یاساکەو ڕادەستکردنی داھاتە نەوتیی و نا نەوتییەکان، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو دەڵێت ئەوان پابەندن و بەغداد پابەند نەبووە، زیانمەندی ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنەی نێوان هەردوو حکومەت مووچەخۆراننکە لەچاوەڕوانیی بیستنی هەواڵێکی خۆشدان لەبارەی مووچەکانیان.

عێراق ئامادەیە بۆ ماوەی سێ مانگ، مانگانە ٥٠٠ ملیار دینار بە قەرز بداتە ھەرێم، بەڵام ھێشتا حکومەتی ھەرێم ڕەزامەندنەبووە لەسەر وەرگرتنی ئەو قەرزەو دەڵێت، ئەو پارەیەی بەغدادبڕیاری ناردنی داوە، لەگەڵ 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بەشی مووچە ناکات کەپێویستی بە ٩٤٠ ملیار دینارە مانگانە.