لە نامەیەکدا بۆ جۆبایدن، مەسروور بارزانی زەنگی هەرەسهێنانی قەوارەی هەرێمی کوردستانی لێدەدات
پەرەگراف
لە نامەیەکدا بۆ جۆبایدن سەرۆکی ئەمەریکا، مەسرور بارزانی هۆشداری دەدات لە داڕووخانی هەرێمی کوردستان و داوای دەستێوەردان دەکات.
نامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەی هەرێم، بە مەبەستی هاندانی ئیدارەی بایدنە بۆ نێوەندگیری لەنێوان هەولێر و بەغداد دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بەھۆی کێشەکانی نەوت و گاز و بوودجەوە.
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، مەسرور بارزانی بانگەوازێکی ئاراستەی جۆبایدن کردووە بۆئەوەی نێوەندگیری بکات لە نێوان بەغداد و هەولێر بەهۆی قووڵبوونەوەی قەیرانەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند، مەسروور بارزانی ترسی خۆی نەشاردووەتەوە لەوەی کەئەگەری هەیە قەوارەی هەرێمی کوردستان تووشی هەرەسهێنان ببێت ئەگەر قەیرانەکە چارەسەر نەکرێت.
نامەکە مەسروور بارزانی لە 3ی ئەیلولدا بۆ بایدنی نووسیوە و یەکشەممەی ڕابردوو گەیشتووەتە کۆشکی سپی، مەسروور بارزانی نووسیویەتی "ئێستا ئەم نامەیەت لە ساتەوەختێکی وەرچەرخان و چارەنووسسازی مێژوویدا بۆ دەنووسم، ساتێکە کە ترسم هەیەڕەنگە بە زەحمەت زاڵ ببین بەسەریدا. ... ئێمە لە ڕووی ئابوورییەوە خوێنمان لێدەچۆڕێت و لە ڕووی سیاسییەوە تووشی نەزیف بووین. بۆیەکەمجار لە ماوەی سەرۆکوەزیرانیمدا، نیگەرانییەکی گەورە باڵی کێشاوە بەسەرمدا چونکە کەمپەینێکی ناشەرەفمەندانە دژی ئێمە بەڕەێوەدەچێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەرەسهێنانی ئەو مۆدێلەی عێراقێکی فیدراڵی کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا پاڵپشتی کرد و لەو کاتەوە لەپشتی دەگرێت".
بارزانی سەبارەت بە توانای واشنتۆن بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی قەیرانەکە دەڵێت: "ئێمە پێمان وایە ئیدارەی ئێوە هەژموونی بەرچاوی خۆی هەیە لەسەر بەغداد."
ئەو نامەیە لە کاتێکدایە ١٢ ڕۆژ لە مانگی ٩ تێپەڕ دەبێت، هێشتا مووچەی مانگی حەوت دابەش نەکراوەو مووچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانیی ڕاگەیاندنی خشتەو کاتی دابەشکردنی مووچەن و حکومەتی هەرێم گیرفانی بەتاڵەو ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشارێکی تووندی مووچەخۆران بووەتەوە.
ئەو دۆخە لەکاتێکدایە هێشتا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە بنێرێت بە پاساوی"پابەند نەبوونی" حکومەتی ھەرێم بە جێبەجێ کردنی یاساکەو ڕادەستکردنی داھاتە نەوتیی و نا نەوتییەکان، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو دەڵێت ئەوان پابەندن و بەغداد پابەند نەبووە، زیانمەندی ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنەی نێوان هەردوو حکومەت مووچەخۆرانن کە لەچاوەڕوانیی بیستنی هەواڵێکی خۆشدان لەبارەی مووچەکانیان.
عێراق ئامادەیە بۆ ماوەی سێ مانگ، مانگانە ٥٠٠ ملیار دینار بە قەرز بداتە ھەرێم، بەڵام ھێشتا حکومەتی ھەرێم ڕەزامەند نەبووە لەسەر وەرگرتنی ئەو قەرزەو دەڵێت، ئەو پارەیەی بەغداد بڕیاری ناردنی داوە، لەگەڵ 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بەشی مووچە ناکات کەپێویستی بە ٩٤٠ ملیار دینارە مانگانە.