پەرەگراف
لە پەرلەمانی عێراق واژۆ کۆدەکرێتەوە تا بەپەلە ڕێكاری پێویست بگیرێتەبەر و فشار لە حكومەتی فیدرالی بكرێت بۆ چارەسەری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم كە ٣ مانگە نەنێردراوە.
سیپان شێروانی پەرلەمانتاری پارتی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاراندا دەڵێت "جێگەی خۆیەتی سپاسی سەرجەم فراكسیۆنەكوردیەكان و هەندێك لە فراكسیۆینە عێراقییەكان بكەین كە واژوویانكرد و تا ئێستا ٩٦ واژوو كۆكراوەتەوە".
"دڵنایی دەدەین هەرچی پێویست بێت بۆ وەرگرتنی مافی موچەخۆرانمان دەكەین و دڵنیاش بن ئەم دۆخە خراپە بەم شێوازە بەردەوام نابێت" ئەو پەرلەمانتارە وادەڵێت.
لە کاتێکدا ١٢ ڕۆژ لە مانگی ٩ تێپەڕ دەبێت، هێشتا مووچەی مانگی حەوت دابەش نەکراوەو مووچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانیی ڕاگەیاندنی خشتەو کاتی دابەشکردنی مووچەن.
حکومەتی هەرێم گیرفانی بەتاڵەو ڕوبەڕوی ڕەخنەو فشارێکی تووندی مووچەخۆران بووەتەوە.
ئەو دۆخە لەکاتێکدایە هێشتا حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی ھەرێم بەپێی یاسای بودجە بنێرێت بە پاساوی "پابەندنەبوونی" حکومەتی ھەرێم بە جێبەجێ کردنی یاساکەو ڕادەستکردنی داھاتە نەوتیی و نا نەوتییەکان، بەڵام حکومەتی ھەرێم ئەوە رەتدەکاتەوەو دەڵێت ئەوان پابەندن و بەغداد پابەند نەبووە، زیانمەندی ئەو یەکتر تۆمەتبارکردنەی نێوان هەردوو حکومەت مووچەخۆرانن کە لەچاوەڕوانیی بیستنی هەواڵێکی خۆشدان لەبارەی مووچەکانیان.
عێراق ئامادەیە بۆ ماوەی سێ مانگ، مانگانە ٥٠٠ ملیار دینار بە قەرز بداتە ھەرێم، بەڵام ھێشتا حکومەتی ھەرێم ڕەزامەند نەبووە لەسەر وەرگرتنی ئەو قەرزەو دەڵێت، ئەو پارەیەی بەغداد بڕیاری ناردنی داوە، لەگەڵ 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بەشی مووچە ناکاتکە پێویستی بە ٩٤٠ ملیار دینارە مانگانە.