ئێران بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەی ئەمنی فشار لە هەرێم و عێراق دەكات؛ فوئاد ‏حسێن بۆ بەرگرتن بە هێرش دەچێتە تاران

12-09-2023 04:49
چەند پێشمەرگەیەكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە بارەگایەكی سنووری سلێمانی

پەرەگراف

هەفتەی داهاتوو ئەو وادەیە كۆتایی دێت كە ئێران دیاریی كردووە بۆ لەچەكداماڵین و ‏كەمپنشینكردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێم. سووربوونی ‏ئێران و هەڕەشەكانی لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی ئەمنیی نێوان بەغداد و ‏تاران و جووڵەكردن بە هێز بەرەو سنوورەكان، وەزیری دەرەوەی عێراق دەباتە تاران و ‏داوا لەو وڵاتە دەكات هێرش نەكات و توندووتیژی بەكار نەهێنێت.‏

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند "عێراق دەستی بە جێبەجێكردنی ‏ڕێككەوتنەكە كردووە و ئێمە پابەندی بە ڕێككەوتنەكەوە. سبەی ئەم پەیامە بۆ ئێران ‏دەبەین و چاوەڕوان دەكەین توندووتیژی دژی هەرێمی كوردستان بەكار نەهێنێت كە ‏دواجار دەكاتە دژی سەروەریی عێراق".‏

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی كردەوە كە "عێراق پابەندی ڕێككەوتنەكە بووە و ‏حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی ئەو ‏هێزانە لە ناوچە سنوورییەكان و نیشتەجێكردنیان لە كەمپدا قووڵایی خاكی عێراق و ‏هەرێمی كوردستان".‏

فوئاد حسێن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ ئەلیكساندەر شانلبێرگ، ‏وەزیری دەرەوەی نەمسا، وتیشی "دەستووری عێراق ڕێگە نادات بە هیچ گرووپ و ‏پارتێكی عێراقی و غەیرە عێراقی، خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ ‏بەكار بهێنێت". هاوكات ئاماژەی بەە كرد كە لەگەڵ لایەنی ئێرانییش قسەیان كردووە ‏كە نابێت هەڕەشە بكات بە بەكارهێنانی توندووتیژی و بۆردوومانكردنی هەندێك ‏ناوچەی هەرێمی كوردستان.‏

ڕێكەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران كە مانگی سێی ئەمساڵ لە نێوان هەردوو ‏وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێم واژوو كرا، سەرەكیترین خاڵی چەككردنی ‏حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناو خاكی هەرێم و نیشتەجێكردنیانە لە كەمپدا.‏

ئێستا گەرمترین و گرنگترین دۆسیە لای ئێران، ئەو ڕێكەوتننامە ئەمنییەیە لەگەڵ ‏عێراق كە ١٩ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ جێبەجێكردنی. ئێران بە شێوەیەكی چڕوپڕ ‏لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێم لەسەر هێڵە بۆ زوو جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامەكە.‏

ئەو پرسە بەشێكی سەرەكیی بووە لە كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ ‏بەرپرسانی ئێران لە تاران. تاڵەبانی دوێنێ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبووەوە و ‏وەزیری دەرەوە جەختی لە زوو جێبەجێكردنی ڕێكەوتننامە ئەمنییەكە كردووەتەوە.‏

هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەكەی بافڵ تاڵەبانی و وەزیری دەرەوەی ئێران، باڵیۆزی ئێران لە ‏عێراق سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور ‏بارزانی كۆبووەوە.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی "جەختی كردووەتەوە كە ‏هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێكەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراقە، دڵنیاییشی داوە ‏كە هەرگیز ڕێگە نادەن هیچ هەڕەشەیەكی ئەمنی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ سەر ‏كۆماری ئیسلامیی ئێران دروست ببێت".‏

هاوكاتی هەوڵە دیبلۆماسییەكانی بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتنە ئەمنییەكە، ئێران ‏جووڵەی بە هێز بە ئاراستەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.‏

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دوو گرتەی ڤیدیۆیی كاروانی سەربازیی بڵاو كردووەتەوە و ‏دەڵێت "سوپای پاسداران هێزی زۆری سەربازی و چەكی قورسی بۆ سەقز و مەریوان و ‏سنووری هەرێم گواستووەتەوە".‏

ئێران هەڕەشە دەكات كە لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی ڕێكەوتننامەی ئەمنی لەلایەن ‏عێراقەوە، هێرش دەكات سەر حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم.‏

سەرەتای ئەم هەفتەیەش حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ڕایگەیاند "ئێران كاتی ‏دیاری كردووە بۆ هێرشكردنە سەر پەنابەرانی سیاسیی كورد لە هەرێمی كوردستان و ‏عێراق". داوایشی لە حكومەتی عێراق و هەرێم كرد "ئاگاداری ئەو پلانە نیزامی و ‏ئەمنیەتییانەی كۆماری ئیسلامی بن كە بەڕێوەن".‏

پێشتریش محەمەد نەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی حیزبی دیموكرات، ‏لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی سەبارەت بە چەككردن و كەمپنشینكردنیان بە "بێ‌ بەها" ‏ناوبرد و بە پەرەگرافی وت "لێدوانی بەرپرسانی ئێران بە لای ئەوانەوە نامەنتقین و ئەو ‏قسانەی دەیكەن بنەمای دروستی نییە، دەیانەوێت بەو پاساوانەوە دەستوەردانی زیاتر لە ‏عێراقدا بكەن".‏