حکومەتی ھەرێم: ٩٠٦ ملیار دینارمان بۆ مووچە پێویستە و نابێت عێراق تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکەی بکات

11-09-2023 07:40
پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم

پەرەگراف

ھێشتا حکومەتی عێراق ئامادە نییە تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لەنێو یاسای بوودجەدا هاتووە خەرج بکات، وتەبێژی حکومەتی ھەرێم دەڵێت "٩٠٦ ملیار دینارمان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستە و نەدەبوو حکومەتی فیدراڵی ئەو بابەتە تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکات".

پێشەوا هەورامانی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری وت "دەبوو وەکوو ناوچەکانی دیکەی عێراق کە ئێستا مووچەی مانگی ئەیلوول وەردەگرن، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و ئەوانیش مووچەکانیان وەرگرتبا نەوەک لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە".

لەبارەی ئەو ٥٠٠ ملیار دینارەی کە بەغداد ئامادەیە بە قەرز بۆ سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت "حکومەتی فیدراڵی چەندین مانگی دیکەی ئەمساڵیان لەنێو پلانەکانیان لاداوە و باسیان نەکردووە، هەروەها نەشیانگوتوە بۆ ئەو چەند مانگە هەقی هەرێمی کوردستان چەند بووە".

ماڵپەڕی حکومەتی ھەرێم دەڵێت، لەپێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هاووڵاتییان، حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ و دانووستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئامادەیە و لەبارەی نەوت و داهاتی ناوخۆشەوە وردەکاریی تەواوی داوەتە حکومەتی فیدراڵی.

"هیواخوازین بە هەرجۆرێک بێت، پێداچوونەوە بەو ژمارانە بکرێت کە باس دەکرێن و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەش بکرێت کە بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەدرێن" پێشەوا ھەورامانی وادەڵێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی حکومەتی فیدراڵی لەبارەی داهاتە نەوتی و ناونەتییەکان داوەتەوە و لەبەرانبەر ورووژاندنی هەر پرسیارێکی دیکەش، وتەبێژی حکومەت دەڵێت: "کات کوشتنە".