بافڵ تاڵەبانی لە ترۆپكی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێمدا سەردانی ئێران دەكات

10-09-2023 01:26
بافڵ تاڵەبانى و قاسم ئەعرەجى ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ٤-٩-٢٠٢٣ لە سلێمانی کۆبوونەوەو دۆخی سنورەکانیان تاوتوێ کرد.

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای حیزبەكەی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و بڕیارە ژمارەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.

بەپێی میدیای یەكێتی، پاش گەیشتنی بە تاران، شاندەكەی یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئەنجام داوە.

سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ ئێران، لە كاتێكدایە دۆخی ناوخۆی سیاسی و ئابووریی هەرێم خراپە، پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی باش نییە و كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقیش گەیشتوونەتە لووتكە و بایكۆت بۆ مووچە لە چەندین فەرمانگە لە ناوچەكانی زۆنی سەوز دەستی پێ‌ كردووە. هەروەها ئەو وادەیەش كە ئێران بۆ لەچەك داماڵینی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات دیاریی كردووە، نزیكە لە تەواوبوون. ئەمە جگە لە نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی.

میدیای یەكێتی دەڵێت "بڕیارە بافڵ تاڵەبانی لەسەردانەكەیدا بۆ ئێران، چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران ئەنجام بدات. باسكردن لە سەقامگیریی ناوچەكە و ڕەوشی سیاسیی عێراق و ئێران و گۆڕانكارییەكان، گرنگترین بابەتەكانی كۆبوونەوەكان دەبێت".

سەردانەكە پاش هەفتەیەك لە كۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دێت، كە نووسینگەی ڕاوێژكاری ئاسایشیی نەتەوەیی عێراق ڕایگەیاند "لە دیدارەكەدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵات و تووندتۆڵكردنی سنوور و ڕێگریكردن لە بەقاچاخبردن، تاووتوێ كرا".

ڕۆژی هەینیی ڕابردوویش محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی دیاری ئێرانی، جەختی لە پابەندیی عێراق بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی ئەمنی لەگەڵ ئێران کردەوە، کە دیارترین خاڵی چەککردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نیشتەجێی خاکی هەرێم و کۆکردنەوەیانە لەناو ژمارەیەک کەمپ کە عێراق دیاریی دەکات.

بڕیاریشە 27ی ئەم مانگە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی بە بەشداریی 600 ئەندام بەڕێوە بچێت، كە ئامانجی سەرەكیی كۆنگرەكە كۆتاییهێنانە بە چیرۆكی لاهوور شێخ جەنگی لەناو ئەو حیزبە.

چاوەڕوان دەکرێت هەموو ئەو دۆسیانە لە کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و بەرپرسانی ئێران گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.