بایکۆتی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مووچە دەستی پێکرد

10-09-2023 11:10

پەرەگراف

لە چەند فەرمانگەیەکی سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی فەرمانبەران بۆ مووچە دەستی پێکردو ئەمڕۆ نەچوونەسەر کارەکانیان.

لە کاتێکدا ١٠ ڕۆژ لە مانگی ٩ تێپەڕ دەبێت، هێشتا مووچەی مانگی حەوت دابەش نەکراوەو مووچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانیی ڕاگەیاندنی خشتەو کاتی دابەشکردنی مووچەن.

دوێنێش دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی كوردستان بایكۆتی دەوامی سەرتاسەریی لە ١٣ی ئەم مانگە كە یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی خوێندنە، ڕاگەیاند و داوای لە فەرمانبەران کرد لە ئەمڕۆ یەكشەممەوە "دەرگای فەرمانگەكان دابخەن و بایكۆت ڕابگەیەنن".

دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێمی كوردستان دەڵێت: سازش لە داواكارییەكانمان ناكەین كە بریتین لە:

١- چارسەركردنی كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بەر لە دەستپێكی یەكەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن.
٢- گێڕانەوەی مووچە فەوتا و دواكەوتووەكان.
٣- ڕێكخستنەوەی پێدانی مووچە كە لە ٣٠ ڕۆژ جارێك تێپەڕ نەكات.

پرسی مووچە حکومەتی ھەرێمی خستووەتەژێر فشارێکی تووندەوەو چاوەڕێی ناردنی پارەیە لە بەغداوە، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادەنییە شایستە داراییەکانی ھەرێم بنێرێت بە پاساوی "پابەند نەبوونی" حکومەتی ھەرێم بە جێبەجێ کردنی یاسای بوودجەو ڕادەستکردنی داھاتەنەوتیی و نا نەوتییەکان، حکومەتی ھەرێم ئەوە رەت دەکاتەوەو دەڵێت "بەغداد پابەند نەبووە".

عێراق ئامادەیە بۆ ماوەی سێ مانگ مانگانە ٥٠٠ ملیار دینار بە قەرز بداتە ھەرێم، بەڵام ھێشتا حکومەتی ھەرێم ڕەزامەند نەبووە لەسەروەرگرتنی ئەو قەرزەو دەڵێت، ئەو پارەیەی بەغدادبڕیاری ناردنی داوە، 500 ملیار دینارەو لەگەڵ 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بەشیمووچە ناکات کە پێویستی بە ٩٤٠ ملیار دینارە مانگانە.