حزبی دیموكرات: ئێران كاتی دیاری كردووە بۆ هێرشكردنە سەر پەنابەرانی سیاسیی كورد لە هەرێم
پەرەگراف
حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ڕایدەگەیەنێت "ئێران كاتی دیاری كردووە بۆ هێرشكردنە سەر پەنابەرانی سیاسیی كورد لە هەرێمی كوردستان و عێراق". داواش لە حكومەتی عێراقی و حكوومەتی هەرێم دەكات كە "پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە خاكی ئەواندا نیشتەجێن و ئاگاداری ئەو پلانە نیزامی و ئەمنیەتییانەی كۆماری ئیسلامی بن كە بەڕێوەن".
حیزبی دیموكرات داولیش لە وڵاتان و كۆڕ و كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێكخراوەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ دەكات كە "توانای دیپلۆماسی و ڕێكارەكانی دیكەی بەردەمیان بۆ پێشگرتن لە هەر جۆرە هێرشێكی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر پەنابەرانی كوردی ئێرانی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا بخەنە گەڕ".
دەقی ڕاگەیەندراوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران:
- بۆ ڕایگشتی!
- وڵاتان و كۆڕ و كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی!
- ڕێكخراوەكانی داكۆكیكاری مافی مرۆڤ!
هەروەك ئاگادارن رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چەندەمین جار لە زاری كاربەدەستانی سیاسی و نیزامیی خۆیەوە هەڕەشەی پەلاماردانی كەمپی پەنابەرانی كوردی ئێرانی نیشتەجێ لە هەرێمی كوردستانی كردووە. هەروەها هەواڵ و بەدواداچوونەكان دەریدەخەن كە ڕێژیم لە ئامادەكارییەكانی بۆ سنووربەزاندن و هێرشێكی دیكە بۆ سەر پەنابەرانی سیاسیی كوردی دانیشتوو لە هەرێمی كوردستان و عێڕاق بەردەوامە.
كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا سەدان پەنابەر و چالاكی سیاسیی كوردستانی ئێرانی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا تێرۆر كردووە، لە چالاكیی لاوان و منداڵاندا بۆمبی تەقاندووەتەوە و لە چوار ساڵی ڕابردووشدا چەند جار بە مووشەك و درۆن هێرشی كردووەتە سەر كەمپی پەنابەرانی سیاسیی كوردستانی ئێران، كە بەداخەوە بەو هۆیەوە دەیان كەس خەڵكی سیڤیل و پەنابەر كوژراون و بریندار بوون.
لە دۆخی ئێستاشدا كە كاربەدەستانی ڕێژیم تەنانەت بەئاشكرا كات و زەمەنیشیان بۆ شەپۆلێكی دیكە لە هێرشەكانیان دیاری كردووە، لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە داوا لە وڵاتان و كۆمەڵگەی جیهانی، ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان، ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت حكوومەتی عێراقی فێدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە خاكی ئەواندا نیشتەجێن دەكەین، ئاگاداری ئەو پلانە نیزامی و ئەمنیەتییانەی كۆماری ئیسلامی بن كە بەڕێوەن. داوا دەكەین هەموو لایەك بە هەموو توانا و زەرفییەتی دیپلۆماسی و ڕێكارەكانی دیكەی بەردەمیان هەوڵەكانیان بۆ پێشگرتن لە هەرجۆرە هێرشێكی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر پەنابەرانی كوردی ئێرانی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا بخەنە گەڕ. لەگەڵ ئەوەشدا بە لەبەرچاوگرتنی واقعییەتی هێژمۆنی و دەستڕۆیشتوویی ئێران له عێراق بەتایبەتی له ئاستی ئاسمانیدا، سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاته یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمان لە عێراق بۆ بەرپرسایەتییەكانیان بە مەبەستی هەنگاوی بەكردەوە دژی دەستدرێژییەكانی كۆماری ئیسلامی و پێشگیری له دووپاتبوونەوەی جینایەتەكانی ڕادەكێشێن.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە جارێكی دیكەش بە پێداگری لەسەر سیاسەتە درووست و ئوسوولییەكانی خۆی كە تەبا لەگەڵ هەموو بەها و بایەخە نێونەتەوەیی و جیهانگیرەكانە، تەبلیغاتی كۆماری ئیسلامی بۆ پاساودانی دەستدرێژییەكانی لە وڵاتی دراوسێی و جینایەتە یەك لە دوای یەكەكانی لەدژی پەنابەرانی سیاسی بەرپەرچ دەداتەوە و ڕەتی دەكاتەوه. لەڕاستیشدا ئەوه خودی كۆماری ئیسلامییه كه به زاڵكردنی كەشی میلیتاریستی و گرتنەبەری سیاسەتی سەركوت تەنانەت له بەرانبەر چالاكانی مەدەنی و خەڵكی بێدیفاع لە خۆپێشاندانە هێمنانەكانیشدا، تەواوی ئێران و بەتایبەت كوردستانی نائەمن كردووه. وەك ئەزموونەكانی ڕابردووش پێشانی داوە كۆماری ئیسلامی بە درێژەدانی ئەو سیاسەتەی نە دەتوانێ قەیرانەكانی نیوخۆی چارەسەر و، نە كورد و باقی نەتەوە مافخوازەكان و سەرجەم خەڵكی ئازادیخوازی ئێران ملكەچ و بێدەنگ بكا و، لەكۆتاییدا سەركەوتن هەر بۆ گەلانی ئیران و هەموو ئازادیخوازانی ئەم وڵاتەیە.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەری
١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢
(٩ی سێپتامبری ٢٠٢٣)