پەرەگراف
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەكی بەهێز وڵاتی مەغریبی هەژاند، سەدان كەس گیانیان لەدەست داوە و سەدانی دیكە بریندار بوون. ژمارەیەكی زۆر خانوو و باڵەخانەيش داڕووخاون.
میدیای فەرمیی وڵاتی مەغریب بڵاوی كردەوە، گوڕی بومەلەرزەكە حەوت پلەی ڕێختەر بووە. وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەست داوە بۆ هەزار و ٣٧ كەس بەرز بووەتەوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكان گەیشتووەتەوە هەزار و ٢٠٤ كەس كە ٧٢١یان برینەكانیان سەختە.
دەزگای زەمینناسیی ئەمریكا دەڵێت "بومەلەرزەكە ٧١ كیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای شاری مەراكیش و لە قووڵایی ١٨.٥ كیلۆمەتردا ڕووی داوە".
ناوەندی زەمینلەرزەكە ناحیەیەكی دوورەدەست لە ناوچە شاخاوییەكان بووە، كە ٣٥٠ كیلۆمەتر لە ڕەباتی پایتەختی مەغریبەوە دوورە، بەڵام لە پایتەختیش هەست بە بومەلەرزەكە كراوە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاو بوونەوەتەوە، ژمارەیەكی زۆر خانو و بینا كە زۆرینەی هەرەزۆریان كۆنن، داڕووخاون. خەڵكی لە ترسی بومەلەرزە شەوی ڕابردوو لەسەر شەقامەكان ڕۆژیان كردووەتەوە.