سوودانی لەچەکداماڵینی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنێت

09-09-2023 10:54
کۆبوونەوەی سوودانی و ڕۆژنامەنووسە ئێرانییەکان.

پەرەگراف

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەغداد لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی دیاری ئێرانی کۆبووەوەو دەربارەی پرسی لەچەکداماڵینی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە خاکی هەرێمدان دەڵێت "توانیومانە لە چەک دایان بماڵین".

ماڵپەڕی (نوور نیوز)ی نزیک لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە دوێنێ بەڕێوەچووە، محەمەد شیاع سوودانی دەربارەی ڕێکەوتننامەی ئەمنیی عێراق-ئێران و چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، ڕایگەیاندووە "بە زۆر هۆکار، ئێمە وەکوو دەوڵەتی عێراق، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران لەبارەی ڕەوتە چەکدارییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بڕەوێنینەوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایشیگەیاندووە "بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلارمان خەرج کردووە و زیاتر لە سێ هەزار پاسەوانمان لە سەرانسەری سنووری ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە".

بەڵام محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەش داوە کە دۆسیەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەناو خاکی هەرێم "ئاڵۆزیی زۆری تێدایە"، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت "توانیومانە لە چەک دایان بماڵین".

سەبارەت بە گواستنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات بۆ کەمپ کە لە ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران-عێراقدا هاتووە، سوودانی دەڵێت "گواستنەوەی هەموویان بۆ شوێنانی دیکە، هێشتا تەواو نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەو کاتەی کە لە ڕێکەوتننامەکەدا دیاری کراوە، پابەندییەکانمان تەواو بکەین".

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردووە، "بەر لە واژووکردنی ڕێکەوتننامەکە، لیژنەیەکمان لە نوێنەرانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی حیزبە چەکدارەکانی ئێران پێک هێنا، دوای واژووکردنی ڕێکەوتننامەکە، ئەو لیژنە بە جیدییەتی زیاترەو درێژەی بە کارەکانی دا".

عێراق و ئێران لە ڕۆژی ١٩-٣-٢٠٢٣ ڕێکەوتننامەیەکی ئەمنییان لە بەغداد واژوو کرد، دیارترین خاڵی ڕێکەوتننامەکە، چەککردنی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات لەناو خاکی هەرێم و داخستنی بارەگاکانیان لە نزیک سنوورەکانی ئێران و گواستنەوەیانە بۆ ناو کەمپی تایبەت کە عێراق شوێنەکەی دیاری دەکات.

دوایین وادەی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە، ١٩ی ئەم مانگەیە، واتە ١٠ ڕۆژی دیکە. ئێران هۆشداریی داوە کە وادەکە درێژ ناکاتەوه و ئەگەر تا ئەو کاتە ئەو حیزبانه چەک نەکرێن و بۆ کەمپ نەگوازرێنەوە، ڕێگەی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان دەگرێتە بەر.

حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، لێدوانی بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە چەككردن و كەمپنشینكردنیان بە "بێ‌ بەها" ناو دەبەن.

محەمەد نەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ڕۆژی ٢٨-٨-٢٠٢٣ لە لێدوانێكدا بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەوەی ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەمانە كەمپی خەڵكی مەدەنییە و بەرپرسانی هەرێم ئاگادارن. مەیدانی خەباتی ئێمە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە هەرێمی كوردستانەوە هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەر كۆماری ئیسلامی نەبووە و قسەكانیان بێ‌ بنەمان".

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وتیشی "لێدوانی بەرپرسانی ئێران بە لای ئێمەوە نامەنتقین و ئەو قسانەی دەیكەن بنەمای دروستی نییە، دەیانەوێت بەو پاساونەوە دەستوەردانی زیاتر لە عێراقدا بكەن".

محەمەد نەزیف قادری جەختی كردەوە لەوەی كە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لە پەیوەندیدان و دەشڵێت "ئێمە لە شوێنی خۆمانین و هیچ بەهانە و مەترسییەك نییە بۆ ئەوەی ئێران دەستوەردان بكات و بۆردوومانی كەمپەكانی ئێمە لە هەرێمی كوردستان بكات".

سەبارەت بە ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی كە بانگەشەی ئەوەی كردووە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان "لە چەك دادەماڵدرێن و دەبرێن بۆ كەمپ لە ڕۆژئاوای عێراق"، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە پەرەگرافی وت "دەیان بەن بۆ كوێ‌؟! خەڵكی ڕۆژئاوای عێراق خۆیان ئاوارەی هەرێمی كوردستانن".

محەمەد نەزیف قادری جەختی كردەوە كە "ئەوەی هەیە تەنیا قسەیە، قسەی بەرپرسانی ئێرانیش لای ئێمە هیچ بەهایەكی نییە".