وتەبێژی حكومەتی هەرێم وەڵامی وتەبێژی حكومەتی عێراق دەداتەوە

08-09-2023 10:32

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی وتەبێژی حكومەتی عێراق دەداتەوە و دەڵێت "لە 1-1-2023 تا ‏ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بڕی (٢) ترلیۆن و (٥٩٨) ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان خەرج كردووە، ‏كە (٤٠٠ ) ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی ٢٠٢٢، لە كاتێكدا بە پێی خشتەكانی ‏یاسای بودجە تا مانگی هەشتی ساڵی ٢٠٢٣، بڕی (١١) ترلیۆن تەرخانكراوی هەرێمی كوردستانە".‏

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، جەخت دەكاتەوە كە "حكومەتی هەرێم هەموو پابەندییەكانی ‏سەرشانی خۆی جێبەجێ كردووە، بەڵام هەمیشە بەبیانوویێك مافی هەرێم پێشێل دەكرێت". دەشڵێت "لەوەدا كە ‏دەڵێن: باشترین ڕێگاچارە بۆ چارەسەر، جێبەجێكردنی دەستوور و ڕێككەوتنەكانە، ئێمەش هاوڕاین لەگەڵتان، بەڵام ‏دەشپرسین: كێ دەستوور و یاساكانی پێشێل كردووە؟ كێ ڕێكەوتنەكان دەگۆڕێت و پابەندیان نابێت؟

دقی ڕوونكردنەوەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان

بۆ وتەكانی وتەبێژی حكومەتی فیدراڵ لەبارەی ‏پابەندی و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دەرخستنی ‏ڕاستییەكان‎.‎

‏‎‏‎هەرێمی كوردستان بەپێی خشتەكانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، شایستەی (١٦) ترلیۆن و (٤۹۸) ‏ملیار دینارە كە مانگانە دەكاتە (۱)ترلیۆن و (۳۷٥)ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە (۹٠٦) ملیار دیناری ‏تەرخانكراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە. بەڵام لە ٢٠٢٣/١/١ تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵ ‏تەنها بڕی (٢) ترلیۆن و (٥٩٨) ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان خەرج كردووە، كە (٤٠٠ ) ملیاری ئەم ‏پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی ٢٠٢٢، لە كاتێكدا بە پێی خشتەكانی یاسای بودجە تا مانگی ‏هەشتی ساڵی ٢٠٢٣ بڕی (١١) ترلیۆن تەرخانكراوی هەرێمی كوردستانە‎.‎

‏‎‏‎* ‎لە ٢٠٢٣/١/١ مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق بە پێی ژمارەكانی هاتوو لە خشتەكانی ‏یاسای بودجە، لە كاتی خۆیدا دابەش كراوە، كەچی تەنها بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێوەری ئینفاقی ‏فیعلی پەیڕەو كراوە كە لەمەشدا كار لەسەر ڕێكارێكی جیاواز كراوە ئەویش میكانیزمی قەرزە، كە لە هیچ ‏شوێنێكی دیكەی عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز
‏‎‏‎ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵكوو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش كراوە‎.‎

‏‎* ‎دوایین بڕە پارە كە بڕیاری لێدراوە، (٥٠٠ )ملیار دینارە بە شێوازی قەرز. ئەوان دەڵێن داهاتی ئێمە بریتییە لە ‏‏(٣٢٠) ملیار دینار،ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش كۆ بكەینەوە هێشتا ناكاتە كۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێم ‏كە دەكاتە (۱) ترلیۆن و (۳۷٥)ملیار دینار كە لە یاسای بودجەدا هاتووە‎.‎

‏‎‏‎* ‎لەبارەی داهاتی نەوت، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە ناكرێت، بەڵام وەزارەتی ‏نەوتی عێراق خۆیان لە ٢٥\٦\٢٠٢٣ تا ئێستا ڕۆژانە تێكڕا بڕی ٨٥ هەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ ‏بەكارهێنانی ناوخۆیی و حكومەتی هەرێم ئامادەش بووە هەر بڕێك كە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو ڕێژەیەی ‏كە وەزارەتی نەوت داوای كردووە و لە توانای پاڵاوگە ناوخۆییەكاندایە، لە بەرانبەردا حكومەتی عێراقی فیدراڵ ‏پابەندی سەرشانی بۆ خەرجكردنی تێچوونی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووەو یەك دیناری نەناردووە بۆ خەرجی ‏دەرهێنان و بەرهەمهێنان
‏‎‏‎و گواستنەوەی نەوتەكە‎.‎
‏‎‏‎
‏‎* ‎لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستانیش هەر لە سەرەتاوە شەفافانە هەموو داتا و ژمارەكان خراونەتە ‏بەردەست وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و وردبینییان بۆ كراوە، ئامادەییشمان نیشان داوە لە چوارچێوەی ‏دەستوور و یاسا بەركارەكان لەنێوانیاندا یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ كە داهاتە نانەوتییەكانی فیدراڵی تەسلیم ‏بكرێت، كەچی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەفسیرێكی مەركەزییان هەیە بۆ داهاتە نانەوتییەكان و هەمیشە زیاتر ‏لەوەیان بڕیوە كە هەرێم هەیەتی لەناو
‏‎‏‎شایستە داراییەكاندا، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەركارەكانە‎.‎

‏‎‏‎* ‎لەكۆتاییدا ڕایدەگەینین هیچ هۆكار و بیانویێك نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ‏و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێكەڵكردنێك هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق مووچە ‏بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەكانی وتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەك سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە ‏بەڵكوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی كە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێك پەڕێندراوە ‏و باسی ناردنیشی نەكراوە. حكومەتی هەرێم، هەموو پابەندییەكانی سەرشانی خۆی جێبەجێ كردووە، بەڵام ‏هەمیشە بەبیانوویێك مافی هەرێم پێشێل دەكرێت و بەرێز وتەبێژ لەكۆتایی قسەكانی دەڵێت"باشترین ڕێگا چارە ‏بۆ چارەسەر جێبەجێكردنی دەستوورو ڕێككەوتنەكانە"،ئێمەش لەمەدا هاوڕاین لەگەلتان بەڵام دەشپرسین،كێ ‏دەستوورو یاساكانی پێشێلكردووە؟كێ رێكەوتنەكان دەگۆڕێت و پابەندییان نابێت؟

‏‎پێشەوا هەورامانی‎‏

‏‎وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان