وتەبێژی حكومەتی عێراق‎:‎‏ هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتیی ڕادەست ‏نەكردووە

08-09-2023 03:05

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی فیدراڵ "تەواوی ‏ئەرك و پابەندییە داراییەكان"ی بەرانبەر هەرێم جێبەجێ‌ كردووە و بە ‏پێچەوانەوە هەرێم "داهاتی ڕادەست نەكردووە و سێ‌ هێندەی بەشە ‏بودجەكەیش پارە قەرزدارە".‏

‏شەوی ڕابردوو مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، خشتەیەكی ‏لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاو كردەوە كە ئاماژەی نەناردنی بودجەی لە ‏سێ‌ مانگی ڕابردوو تێدا بوو، وتیشی "نەناردنی شایستە داراییەكانمان ‏وەك لە بودجەی فیدرالدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتیانمان ‏دەگەیەنێت، متمانە كەم دەكاتەوە و پێشێلكردنی دەستوور و ‏ڕێككەوتنەكانیشە".‏

ئەمڕۆ باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا ‏دەڵێت "حكومەتی فیدراڵ تەواوی ئەرك و پابەندییە داراییەكانی ‏بەرانبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ كردووە، هەوڵی زۆریشی داوە بۆ ‏پێشكەشكردنی چارەسەر".‏

عەوادی جەخت دەكاتەوە كە "حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی ‏نەوتی و نانەوتیی بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵ ڕادەست نەكردووە" و ‏بەو هۆیەوە "تا كۆتایی مانگی حوزەیران، ئەو بڕە پارەیەی بەپێی ‏خەرجیی ڕاستەقینەی دەوڵەت لە ئەستۆی هەرێمدایە، زیاتر لە سێ‌ ‏هێندەی پشكی هەرێمە لە بودجەدا".‏

وتەبێژی حكومەتی عێراق ئاماژە بە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ‏عێراق بۆ پێدانی قەرز بە حكومەتی هەرێم بۆ مووچە و دەڵێت ‏‏"سەرەڕای جێبەجێنەكردنی ئەرك و پابەندییەكان لەلایەن حكومەتی ‏هەرێمەوە، حكومەتی فیدراڵ بڕیاری دا كە هاووڵاتیانی عێراقیی هەرێم ‏ئۆباڵی ئەم پابەندنەبوونە نەكەوێتە ئەستۆیان، ئەنجوومەنی وەزیران ‏بڕیاری دا قەرز بە هەرێم بدات تا ئەو كاتەی كێشە داراییەكانی یەكلا ‏دەكاتەوە".‏

‏"حكومەتی فیدراڵ هاوشێوەی پەرۆشیی بۆ مافی هاووڵاتیانی ‏پارێزگاكانی تر، بۆ مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش بەپەرۆشە. ‏پابەندبوون بە یاسا فیدڕاڵییەكان و ڕێككەوتنەكان لە سێبەری ‏دەستووردا، كورتترین ڕێگەیە بۆ تەواوكردنی گواستنەوە و ڕادەستكردنە ‏داراییەكان و بەهێزكردنی متمانە لەنێوان هەردوولادا"، وتەبێژی ‏حكومەتی عێراق وا دەڵێت.‏

ڕاگەیەندراوی وتەبێژی حكومەتی عێراق پاش ئەوە دێت كە بەرپرسانی ‏حكومەتی هەرێم لە سەرۆكی حكومەتەوە تا وتەبێژ و زۆرینەی ‏وەزیرەكان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەغدایان بەوە تۆمەتبار كرد كە ‏پابەندی "یاسای بودجە و ڕێككەوتنەكان" نەبوو، جەختیان لەوە كردەوە ‏كە حكومەتی هەرێم "سەرجەم پابەندییەكانی جێبەجێ‌ كردووە".‏