پارتی و یەكێتی 'خۆپیشاندان و ئاژاوەگێڕی' لە كەركووك ڕەت دەكەنەوە

07-09-2023 05:39
کۆبوونەوەى ئەمڕۆى نێوان خەمیس خەنجەر و مەسعود بارزانى

پەرەگراف

لیژنەی باڵای ئەمنیی كەركووك ڕاگەیەندراوێكی سەبارت بە هەوڵەكان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی شارەكە بڵاو كردەوە و دەڵێت "خەمیس خەنجەر پێی ڕاگەیاندین: سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم و سەركردایەتیی پارتی هەر خۆپیشاندان ‌و ئاژاوەگێڕییەك لە كەركووك ڕەت دەكەنەوە" لیژنەكە ڕایدەگەیەنێت كە یەكێتیش هەمان بۆچوونی هەیە.

ئەمڕۆ خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبووەوە. بارەگای بارزانی دەڵێت "هەردوو لا نیگەرانیی خۆیان لەبارەی ڕەوشی كەركووك و پێویستیی چارەسەربوونی خێرای كێشەكان ڕاگەیاند". مەسروور بارزانییش دەڵێت "هەردوولا نیگەرانیی خۆمان لە بەكارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپێشاندەرانی سیڤیل دەربڕی و هاوڕابووین لەسەر ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شارەكە".

پاش سەردانەكە، لیژنەی ئەمنیی كەرركووك لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد كە خەمیس خەنجەر "دەستپێشخەری"یەكی بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان لەپێناو هێوركردنەوەی دۆخی كەركووك دەست پێ‌ كردووە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی لیژنەی باڵای ئەمنیی كەركووكدا هاتووە "خەمیس خەنجەر ئاگاداری كردین كە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم ‌و سەركردایەتیی پارتی، هەر جۆرە خۆپیشاندان، مانگرتن و تێكدانی ئاسایشی خەڵك ڕەت دەكەنەوە و جەخت دەكەنەوە ناكۆكییەكان بە گفتوگۆ و ڕێگەچارەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن".

"خەمیس خەنجەر ئاگاداری كردین: هەر گرووپێك خۆپیشاندان، مانگرتن و ئاژاوەگێڕی بكات، نوێنەرایەتیی ڕێكخستنەكانی پارتی ناكات، هەروەكوو نوێنەری یەكێتیش پەیوەندیی پێوە كردین ‌و لە هەمان بابەت ئاگاداری كردینەوە"، لیژنەی ئەمنیی كەركووك وا دەڵێت.

ئەمڕۆ دەنگۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە شاری كەركووك هەبوو، هێزێكی زۆری ئەمنیی زۆر لە شارەكە بڵاوەی پێ‌ كراوە. پۆلیس دەڵێت دەنگۆكانی خۆپیشاندان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاو دەكرێنەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركووك لەبارەی بڵاوەپێكردنی هێزی ئەمنی ڕایگەیاند، ئامانج لێی پاراستنی دۆخی ئەمنی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە، نایانەوێت ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دووبارە ببنەوە.