حكومەتی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختەی ڕووبەڕووی بووەتەوە پەنا بۆ لایەنە سیاسییەكان دەبات

06-09-2023 06:41

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكات كە شایستە ‏داراییەكانی هەرێم وەكوو ئەوەی لە خشتەكانی یاسای بودجەدا هاتووە، خەرج بكات. ‏دەشڵێت "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تەنیا بڕیاری داوە مانگانە 500 ملیار دینار ‏وەكوو قەرز بۆ مووچەی مانگەكانی 9، 10 و 11 خەرج بكرێت و هیچ پارەیەك بۆ ‏مووچەی مانگەكانی 7 و 8 خەرج نەكراوە".‏

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، ‏داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دەكات كە "یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن" ‏بۆ ئەو مەبەستەش "پێشنیاری سازدانی كۆبوونەوەیەكی فراوانی هێز و لایەنە ‏سیاسییەكانی هەرێم" دەكات.‏

دەقی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان: ‏

ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/9/6 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی ‏وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی ‏هەرێمی كوردستان كۆبووەوە‎. ‎

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و ‏سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و كەسوكاری شەهیدانی ڕووداوەكانی چەند ‏ڕۆژی ڕابردووی كەركووك دەربڕی و هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەكان ‏خواست. لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران بە توندی سەركۆنەی ئەو توندوتیژیەی كرد ‏كە بەرامبەر هاووڵاتییانی سیڤلی كەركووك كرا كە بە شێوەیەكی زۆر ئاشتییانە ‏خۆپێشاندانیان كرد وناڕەزاییان بەرامبەر ئەو ستەمەی لە هاووڵاتییانی كوردی كەركووك ‏دەكرێت نیشاندا، بەڵام بەداخەوە بە تەقەكردن و خوێنڕشتن وەڵامیان درایەوە.‏

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدڕاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە ‏ئەوانەی چەكیان بەكارهێناوە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەران و بوونە هۆی ‏شەهیدكردنی هاووڵاتییانی سیڤیل لە كەركووك، پێویستە بە زووترین كات ڕێكاریی ‏یاسایی وقەزاییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و بدرێن بە دادگا تا بە سزای خۆیان بگەن‎.‎

پاشان گفتوگۆ لەبارەی دوا پێشهاتەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی ‏دارایی 2023 كرا، دواتر ئەنجامی گفتوگۆی شاندی دانوستانی هەرێمی كوردستان لە دوا ‏كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حكومەتی فیدراڵ لە بەغدا لەبارەی ماف وشایستە ‏داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن ئەندامانی شاندەكە خرایە ڕوو‎. ‎

سەرۆك وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاس وپێزانینی ئاراستەی شاندی ‏حكومەتی هەرێم كرد كە بە باشترین شێوە و بە داتا و زانیاری وردەوە و پشتبەست بە ‏بەڵگە دەستووریی وقانونییەكان، داكۆكیان لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی ‏كوردستان كردووە. ئەوەش دووپاتكرایەوە كە حكومەتی هەرێم خۆی بە بەرپرسیار ‏دەزانێ بۆ هەر هەوڵێك كە پێویست بێت بۆ دابینكردنی مووچە وشایستەكانی هەرێم، ‏كە جێگەی داخ و نیگەرانیمانە بەهۆی خەرجنەكردنیی شایستەكانی هەرێـم لەلایەن ‏بەغدا، مووچەخۆران دوو مانگە مووچەیان دواكەوتووە، لە كاتێكدا هەرێم هەرچی ‏پێویست بووە و هەر پابەندییەك بەرامبەر حكومەتی فیدراڵ هەبێت لە چوارچێوەی ‏یاسای بودجە و دەستوور جێبەجێی كردووە‎. ‎

ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە كە لەبەرامبەر پابەندییەكانی هەرێم، پێویستە ‏كۆی گشتی شایستەی داراییەكانی بۆ خەرج بكرێت كە بە گوێرەی خشتەكانی بودجەی ‏عێراق بۆ ساڵی 2023 دەكاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، كە مانگانە بە ‏گوێرەی ژمارەكانی بودجە دەكاتە یەك ترلیۆن و375 ملیار دینار، بەڵام ئەنجومەنی ‏وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی خۆی لە ڕۆژی 2023/9/3 لە دەرەوەی خشتەكانی ‏بودجە وشایستەداراییەكانی هەرێم، بریاریدا كە بە شێوازی قەرز، تەنیا بڕی 500 ملیار ‏دینار لە مانگەكانی 9، 10 ،11 خەرج بكرێت, لە كاتێكدا لە دوای مانگی 6 ەوە ، هیچ ‏بڕە پارەیەك بۆ مووچەی مانگەكانی 7و8 خەرج نەكراوە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەر ‏لەگەڵ كەوتنەبواری جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق لە 2023/6/25 ، هەرێم ‏پابەندییەكانی خۆی بە گوێرەی یاسای بودجە جێبەجێ كردووە‎. ‎

ئەنجومەنی وەزیران لە بەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییانەدا ، داوا دەكات ئەنجومەنی وەزیرانی ‏عێراق چاوخشاندنەوەی پێویست و دادپەروەرانە بە بڕیارەكەیدا بكاتەوە و شایستە ‏داراییەكانی هەرێم بەو ژمارانەی لە خشتەكانی بودجە هاتوون بۆ هەرێم خەرج بكات، ‏بە تایبەتیش تەرخانكراوەكانی مووچە كە مانگانە 906 ملیار دینارە تا هەرێمی ‏كوردستانیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بدات،هاوشانی مووچەخۆرانی ‏سەرتاسەری عیراق كە مانگانە بە بێ دواكەوتن بۆیان خەرج دەكرێت ، بۆیە پێویستە بە ‏هەمان پێوەر ، تەرخانكراوەكانی مووچەی هەرێم لە ناو بودجەی عێراق وەك خۆی ‏خەرج بكرێت و بەشێوەیەكی جیاواز و نادادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم نەكرێت ‏بەڵكو بە پێی دەستوور و چوارچێوەی بنەمای یەكسانی لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ‏یاساكان ڕەفتاری لەگەڵ بكرێت‎.‎

لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی وەزیران داوا لە هێز و لایەنە سیاسیەكانی هەرێم دەكات كە ‏یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن لە داكۆكیكردن لە ماف ودەسەڵات وشایستە ‏دەستووریەكانی هەرێم. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیاری سازدانی كۆبوونەوەیەكی فراوانی ‏هێز ولایەنە سیاسیەكانی هەرێم كرا بۆ خستنەڕووی ڕاستییەكان. هەروەها ئەنجومەنی ‏وەزیران داوا لە هێز ولایەنە سیاسیە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حكومەتی عێراق ‏دەكاتەوە كە شایستەكانی هەرێم وەك لە خشتەكانی بودجەدا هاتووە، خەرج بكرێت و ‏پابەند بن بە مینهاجی وەزاریی و ڕێككەوتنە سیاسییەكانی پێكهێنانی حكومەت و لەو ‏چوارچێوەیەشدا، مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن‎.‎

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەكات كە پشتیوانی هەرێمی ‏كوردستان بن لە بەدەستهێنانی مافە دەستووریی و شایستە داراییەكانی بە پێی دەستوور ‏و ڕێككەوتنەكان و ڕێگە نەدەن چیتر مافەكانی خەڵكی كوردستان بە ناڕەوا پێشێل ‏بكرێن‎.‎