پەرەگراف
حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی لەسەر پرسی مووچە کۆبووەوە، بەڵام جیاواز لە کۆبوونەوەکانی پێشووی بڕیاری تێدا نەدراو هەڵوێستی حکومەت نەخرایە ڕوو لەبارەی ئەو ٥٠٠ ملیار دینارەی بەغداد دەیەوێت مانگانە بە قەرز بیداتە هەرێم.
لە کاتێکدا هەفتەیەک لە مانگی ٩ تێپەڕ دەبێت، هێشتا مووچەی مانگی حەوت دابەش نەکراوەو مووچەخۆرانی هەرێم لە چاوەڕوانیی ڕاگەیاندنی خشتەو کاتی دابەشکردنی مووچەن.
پرسی مووچە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بووە، جوتیار عادل بەرپرسی فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەت لە نووسینێکی کورتدا لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند "دواپێشهاتەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و بارودۆخی مووچە لە هەرێمی کوردستان و بەرئەنجامی دواکۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ شاندی هاوتایان لە بەغداد خرایە ڕوو".
جوتیار عادل هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی کۆبوونەوەکە نەخستووەتەڕوو، هیچ بەرپرسێکی دیکەی حکومەتیش قسەی لەبارەی کۆبوونەوەکە نەکردو پەرەگراف چەندجارێک پەیوەندیی بە وتەبێژی وەزارەتی داراییەوە کرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
کۆبوونەوەکەی حکومەتی هەرێم دوای ئەوەدێت وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕایگەیاند، بانکەکانی رافیدەین و رەشید ڕێککەوتنی پێدانی قەرز لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەرێم واژۆ دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی مووچەو دواتر ئەو قەرزانە بەپێی یاسای بودجە پاکتاو دەکرێن.
وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، پاکتاوکردنی ئەو قەرزانە دوای ئەوە دەکرێت کە ھەرێم "پابەند دەبێت بە بەندەکانی یاسای بوودجە". بەڵام ئەوەی نەخستووەتەڕوو کە ھەرێم لە چیدا پابەند نەبووە؟ لەکاتێکدا حکومەتی ھەرێم دەڵێت پابەندی یاسای بوودجەن و بەغداد تۆمەتبار دەکات بە جێبەجێ نەکردنی یاساکە.
وەزارەتی دارایی عێراق داوا دەکات حکومەتی ھەرێم ھەماھەنگیی لەگەڵ ئەو دوو بانکە بکات بۆ وەرگرتنی قەرزەکەو دەڵێت، ئەو ڕێکارانە بەپێی یاسای بوودجە دەگیرێنەبەرو حکومەت بەلایەوە گرنگە داواکاریی فەرمانبەرانی ھەرێم جێبەجێ بکات و چاکسازیی ئەنجام بدات بە مەبەستی گەشەی ئابوریی.
هاوکات لەگەڵ ئەو دۆخە سەختەی ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێم بووەتەوە، لە بەغداوە دەنگی ناڕەزایی دژی ناردنی پارە بۆ هەرێم بەرزبووەوە، یوسف كیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند "بێدەنگ نابین لەوەی حکومەتی عێراق بە پێچەوانەی یاسای بودجەوە دەنگی داوە لەسەر بڕیاری ناردنی پارە بۆ حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی كوردستان، سەرەڕای پابەندنەبوونی بە یاساكە و ڕادەستنەكردنی داهاتە نانەوتییەكان".
هێشتا ڕوون نییە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم چی دەبێت لەسەر وەرگرتنی ئەو قەرزە لە بەغداد، ھەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە بڕی قەرزەکە نەکردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم دەڵێت "ئەو پارەیەی بەغداد بڕیاری ناردنی داوە، 500 ملیار دینارەو لەگەڵ 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بەشی مووچە ناکات و عێراق سیاسەتی برسیكردنی بەرانبەر هەرێم گرتووەتە بەر".