پەرەگراف
بەغداد یەك ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت ڕەوانەی هەولێر كرد و دەخرێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێم ترلیۆنێك و 973 ملیار دینار لەبەردەستدایە، بەوەش پارەی پێویست بۆ دابەشكردنی دوو مووچە هەیە.
سەرچاوەیەك ئاگادار بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "یەك ترلیۆن دینار بۆ مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت ڕەوانەی لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق كراوە و دواتر دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "بەپێی ئەو داتایانەی حكومەتی عێراق بەدەستی هێناون، داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ ئەو دوو مانگە 616 ملیار دینار و داهاتی بەرهەمە نەوتییەكانیش 357 ملیار دینارە، بە كۆی گشتی 973 ملیار دینارە، بەوەش لەگەڵ پارەكەی بەغداد بەشی دابەشكردنی هەردوو مووچەكە دەكات".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، پارەكە پاش ئەوە ڕەوانە كراوە كە "دوێنێ وەزارەتی دارایی هەرێم بە نووسراوی فەرمی بۆ بەغداد، ڕەزامەندیی لەسەر ناردنی ئەو پارەیە بە شێوەی قەرز نیشان داوە".
سەرچاوەكەی پەرەگراف ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی پشووەوە لە عێراق، چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو پارەكە بخرێتە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی هەرێم.
وەزارەتی دارایی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند بۆ مووچەی مانگێك 940 ملیار دیناری پێویستە، كە 30 ملیار دیناریان لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە خەرج دەكرێت، دەمێنێتەوە 910 ملیار دینار كە بەوەش هەرێم ترلیۆنێك و 820 ملیار دیناری بۆ هەردوو مووچەكە پێویستە.