ئەردۆغان: لەبارەی دۆخی كەركووكەوە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و ‏سوودانی لە پەیوەندیدا بووین

05-09-2023 06:10

پەرەگراف

سەرۆككۆماری توركیا كەركووك بە "نیشتمانی توركمان" ناو دەبات و ‏دەڵێت "لەبارەی دۆخی شارەكەوە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و محەمەد ‏شیاع سوودانی لە پەیوەندیداین".‏

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، لە كاتی گەڕانەوەی لە ‏ڕووسیا، لەناو فڕۆكەدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و وتیشی ‏‏"هاكان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای ‏هەواڵگری (میت)م ڕاسپاردووە بەدواداچوونی ورد بۆ دۆخی كەركووك ‏بكەن".‏

‏"لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و سوودانی لە پەیوەنیدا بووین. لە ئەنجامی ‏چاودێریی ورد، ئێستا كەشێكی تا ڕادەیەك ئارام لە كەركووك هەیە"، ‏ئەردۆغان وا دەڵێت.‏

بە قسەی سەرۆككۆماری توركیا، هاكان فیدان لە ئێران لێدوانێكی ‏دەربارەی دۆخی كەركووك داوە، لە ئەنجامی ئەو لێدوانە "ئێستا بارودۆخ ‏ئارامە".‏

ئەردۆغان دەشڵێت "بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامیی ناوچەكە تێك نەچێت، ‏پێویستە ڕێ‌ لە هەر كردەوەیەك بگیرێت كە قەوارەی كەركووك تێك ‏دەدات، هەر كارێك قەوارەی كەركووك تێك بدات، مانای تێكدانی ‏یەكپارچەیی خاكی عێراقە".‏

پێرێ‌ لە لێدوانێكدا وەزیری دەرەوەی توركیا خۆپیشاندانەكانی ‏كەركووكی بە "پشێوی" ناو برد و ئەم بابەتەشی بە پەكەكەوە بەستەوە.‏

هاكان فیدان وتی "بوونی پەكەكە لە شارەكە زیادی كردووە و داوا لە ‏بەرپرسانی عێراق دەكەین كۆتایی پێ‌ بهێنن". ئاشكرایشی كرد كە پێشتر ‏لەوبارەیەوە "لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئیدارەی هەولێر" ‏گفتوگۆی كردووە.‏

فیدان ڕایشیدەگەیەنێت "كەركووك بۆ توركمانە هاوڕیشەكانمان كە ‏نەتەوەی ڕەسەن و دامەزرێنەری عێراقن، نیشتمانی دایكە. ئێمە لە كاتی ‏خۆیدا هۆشداری و پێشنیازمان بە بەرپرسانی عێراق داوە و گوتوومانە ‏كە بوار بە هەوڵی لەم جۆرە نەدرێت".‏

وەزیری دەرەوەی توركیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ محەمەد شیاع سوودانی، ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپات كردووەتەوە و دەڵێت "ئەو حكومەتەی لە ‏عێراق بە سەركردایەتیی سوودانی پێك هێندراوە، سەقامگیریی بۆ ‏وڵاتەكە دەستەبەر كردووە".‏