پەرەگراف
بەشێک لە خەڵکی دهۆک وەک ناڕەزاییەک دژی نەناردنی مووچە و بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕژانە سەر شەقام.
خۆپیشاندەران دروشمی جیاوازیان لە دژی بەغداد دەگوتەوەو داوایان دەکرد بەسەر بودجەو مووچەی هەرێم ڕەوانە بکرێت.
خۆپیشاندانەکە دوای بانگەوازی 100 سەندیکا و ڕێکخراوی مەدەنی هات لە دهۆک.
هەرلەسەر پرسی مووچە، دوێنێ حكومەتی هەرێمی كوردستان شكستی دانوستانەكانی لەگەڵ بەغداد ڕاگەیاند و دەڵێت "سیاسەتی برسیکردنمان پەیڕەو دەکرێت"، بەڵام هێشتا داوا دەكات دانوستان بەردەوام بێت.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند "حكومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 500 ملیار دیناری بۆ مووچە داوە و ئەوەش بەشی مووچە ناكات".
وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتیشی "حكومەتی عێراق سیاسەتی برسیكردنی بەرانبەر هەرێم گرتووەتە بەر و بە ڕێككەوتنەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە".
هاوكات ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، وتی "بڕیار دراوە بە شێوازی قەرز مانگانە 500 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێردرێت، ئەوەش لەگەڵ 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتی، بەشی مووچە ناكات".
وەزیری دارایی هەرێم دانی بە شكستی دانوستانەكاندا نا و وتی "ئەو هەموو دانوستانەی كە تیمەكانی ئێمە لە بەغداد كردیان، ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبوو"، بەڵام هاوكات داوایشی كرد "دانوستانەكان بەردەوام بێت".
ئاوات شێخ جەناب پێی وایە حكومەتی عێراق "زوڵم لە حكومەتی هەرێم دەكات" و دەڵێت "ئێمە تەنیا بۆ مووچە 940 ملیار دینارمان دەوێت".
هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، باسی لە شێوازی ناردنی پارە بۆ هەرێم كرد و ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە هەردوو بانكی ڕافیدەین و ... بە شێوەی قەرز بۆ سێ مانگ، بۆ هەر مانگێكیان 500 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرن".
ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕەتی دەكاتەوە ئەوان لە دانوستانەكاندا لەسەر ئەم شێوازی ناردنی پارە بە قەرز ڕێككەوتبن و دەڵێت "ئەم بڕیارە تاكلایەنە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا دراوە".
"دوو هۆكار ئەم دۆخەیان دروست كردووە: یەكەمیان یاسای بودجە بوو كە گەورەترین زەبر بوو لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم، چونكە بۆ تۆڵەكردنەوە لە خەڵكی هەرێمی كوردستان نووسراوەتەوە، چونكە پڕە لە گرفت و كێشە كە دەبنە بەربەست بۆ ناردنی مافە داراییەكانی هەرێم. هۆكاری دووەم تێگەیشتنی وەزارەتی دارایی عێراقە بۆ خودی یاساكە، كە زۆر لە خراپیی یاساكە خراپترە. لەگەڵ خراپیی یاساكەشدا، مافی هەرێمە ١٦ ترلیۆن دیناری بۆ بنێردرێ، بەڵام تێگەیشتنە خراپەكەی وەزارەتی دارایی بۆ یاساكە ٨ ترلیۆن دینارە، ئەمەش لەگەڵ پێداویستی و خواستی هەرێم یەك ناگرێتەوە"، ئومێد سەباح وا دەڵێت.