كرێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت؛ گرێكوێرەی نێوان هەرێم و ‏بەغداد

04-09-2023 11:10

پەرەگراف

كرێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، دیارترین كێشەی ئێستای نێوان ‏حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقە، كە بووەتە گرێكوێرەی كێشەكان و ‏بۆیان چارەسەر ناكرێت. بەغداد شەش دۆلاری بۆ بەرهەمهێنان و ‏گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت دیاری كردووە، بەڵام بەپێی ‏گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم، كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم 31 ‏دۆلار بۆ ئەو كارە وەردەگرن و ئێستا نرخەكەی بەغداد ڕەت دەكەنەوە.‏

كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت، ئەمڕۆ ‏ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 24-8-2023ی نێوان حكومەتی ‏هەرێم و ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی كە لە هەرێم كار دەكەن، كۆمپانیاكان ‏بە فەرمی وەڵامیان داوەتەوە كە "ناتوانن بە شەش دۆلار لەسەر ‏بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوام بن".‏

وەزیری سامانە سروشتییەكان داوایشی لە حكومەتی عێراق و وەزارەتی ‏نەوت كرد كە "پێداچوونەوە بەو بابەتەدا بكەن"، چونكە بە قسەی ئەو ‏‏"لە عێراقیشدا چەندین كێڵگەی نەوتی هەن كە تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت تێیاندا ‏زیاتر لە 30 دۆلارە".‏

ئەمە لە كاتێكدایە كە هەفتەی ڕابردوو كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی ‏كوردستان كە لەلایەن ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت ‏و غازەوە ‏پێكهێنراوە لە هەرێم كار دەكەن، لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "ئەگەر ‏هەناردەی ‏نەوتیش دەست پێ بكاتەوە، كۆمپانیاكانی كۆمەڵەكەمان نەوت ‏بەرهەم ناهێنن، تا دڵنیا ‏نەبنەوە لەوەی كە چۆن بەگوێرەی ‏ڕێككەوتنەكانیان، شایستە داراییەكانیانی ڕابردوو و ‏داهاتوویشیان بۆ ‏هەناردەی نەوت وەردەگرن".‏

ئەمڕۆ وتەبێژی حكومەتی هەرێم و ئەندامانی شاندی حكومەتی هەرێم ‏بۆ بەغداد، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسیان لە كێشەكانی نێوان ‏هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی بودجە و نەوت كرد.‏

وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، سەبارەت بەرزیی كرێی ‏گرێبەستەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێم بەراورد بە ‏عێراق، وتی "گرێبەستەكانی ئێمە لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراق جیاوازن، ‏عێراق كۆمپانیای نیشتمانیی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت هەیە، بەڵام ‏ئێمە لە ڕێگەی كۆمپانیاوە ئەو كارە دەكەین".‏

وەكوو كەمال محەمەد ڕوونی كردەوە، تێچووی بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل ‏نەوت لە هەرێم "24 دۆلار" و تێچووی گواستنەوەی "حەوت دۆلار"ـە‏

حكومەتی هەرێم بە مۆدێلی هاوبەشیكردن لە بەرهەمهێنان گرێبەستی ‏لەگەڵ كۆمپانیا ‏نەوتییەكان ئەنجام داوە، ئەو جۆرەش لە گرێبەست ‏لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ڕەت ‏دەكرێتەوە.‏

پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم بەو جۆرە ‏گرێبەستانە، ‏دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ ‏بەدەستهێنانی قازانجی زۆر و ‏كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە ‏دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە ‏پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش ‏پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی خزمەتگوزاریی كە ‏وەزارەتی نەوتی ‏عێراق كاریان پێ دەكات.‏

هەر لە سەرەتای بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ ‏لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، بەغداد ناڕازی بووە و لە ساڵی 2014یش ‏سكاڵای لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس تۆمار كرد.‏

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەریەك لە پرسەكانی ئیدارەدان، بەرهەمهێنان، ‏گواستنەوە، خەزنكردن و فرۆشتنی نەوت سكاڵای لەسەر هەرێم و تورکیا تۆمار كردبوو.‏

دواجار لە ڕۆژی 23-3-2023، بۆ سەرەكیترین سكاڵایان كە فرۆشتنی ‏سەربەخۆی نەوت بوو، دادگا لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاری دا، ‏هەرچەندە حكومەتی هەرێم لە ئیدارەدان، بەرهەمهێنان، گواستنەوە و ‏خەزنكردنی نەوتدا سكاڵاكەی بردەوە، بەڵام ڕێگری بۆ فرۆشتنەكەی ‏دروست بوو، دوو ڕۆژ دوای بڕیارەكەش لە 25-3-2023، توركیا هەناردەی ‏نەوتی هەرێمی ڕاگرت.‏

لەگەڵ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، حكومەتی هەرێم بە زوویی ‏شاندی ناردە بەغداد و بە ناچاری ڕازی بوو بە واژووكردنی ڕێككەوتنێك ‏بۆ ڕادەستكردنی نەوت و هەناردەكردنی لە ڕێگەی كۆمپانیای ‏بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).‏

ڕۆژی 4-4-2023، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، چووە ‏بەغداد و ڕێككەوتنێكی لەوبارەیەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق واژوو كرد. وتیشی "ئەم شێوازە نوێیەی ‏هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، داهاتی عێراق زیاد دەكات و هەمووان تێیدا ‏سوودمەند دەبین".‏

پاش تێپەڕینی زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ‏هەرێم، هێشتا عێراق و توركیا لەسەر دەستپێكردنەوەی ڕێك نەكەوتوون، ‏توركیا ژمارەیەك داواكاریی هەیە كە عێراق پێیان ڕازی نەبووە، ‏دیارترینیان كشاندنەوەی سكاڵای دووەمە دژی توركیا تایبەت بە ‏هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە دوای ساڵی 2018، هەروەها ئەو ملیار و ‏‏500 ملیۆن دۆلار قەرەبووەی كە لە سكاڵای یەكەمدا بەسەر ئەنقەرەدا ‏سەپێندراوە.‏