هەرێم شکستهێنانی دانوستانەکانی لەگەڵ بەغداد ڕاگەیاند و دەڵێت: سیاسەتی برسیکردنمان پەیڕەو دەکرێت

04-09-2023 02:56

پەرەگراف

حكومەتی هەرێمی كوردستان شكستی دانوستانەكانی لەگەڵ بەغداد ڕاگەیاند و دەڵێت "سیاسەتی برسیکردنمان پەیڕەو دەکرێت"، بەڵام هێشتا داوا دەكات دانوستان بەردەوام بێت. ڕایشيدەگەیەنێت كە ئەو پارەیەی بەغداد ‏بڕیاری ناردنی داوە، 500 ملیار دینارە و لەگەڵ داهاتی نانەوتیی ‏هەرێمیش بەشی مووچە ناكات.

ئەمڕۆ ئەندامانی شاندنی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد و ‏وتەبێژی حكومەتی هەرێم، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان دەربارەی دۆخی ‏مووچە و گفتوگۆكانی بوجە لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەنجام دا.‏

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند ‏‏"حكومەتی ‏عێراق بڕیاری ناردنی 500 ملیار دیناری بۆ مووچە داوە و ‏ئەوەش بەشی ‏مووچە ناكات".‏

وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتیشی "حكومەتی عێراق ‏سیاسەتی ‏برسیكردنی بەرانبەر هەرێم گرتووەتە بەر و بە ڕێككەوتنەكانی ‏لەگەڵ ‏حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە".‏

هاوكات ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم، وتی "بڕیار دراوە بە ‏شێوازی قەرز مانگانە 500 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێردرێت، ئەوەش ‏لەگەڵ 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتی، بەشی مووچە ناكات".‏

وەزیری دارایی هەرێم دانی بە شكستی دانوستانەكاندا نا و وتی "ئەو ‏هەموو دانوستانەی كە تیمەكانی ئێمە لە بەغداد كردیان، ئەنجامێكی ‏ئەوتۆی نەبوو"، بەڵام هاوكات داوایشی كرد "دانوستانەكان بەردەوام ‏بێت".‏

ئاوات شێخ جەناب پێی وایە حكومەتی عێراق "زوڵم لە حكومەتی هەرێم ‏دەكات" و دەڵێت "ئێمە تەنیا بۆ مووچە 940 ملیار دینارمان دەوێت".‏

هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی ‏وەزیرانی هەرێم، باسی لە شێوازی ناردنی پارە بۆ هەرێم كرد و ڕایگەیاند ‏‏"ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە هەردوو بانكی ڕافیدەین و ... ‏بە شێوەی قەرز بۆ سێ‌ مانگ، بۆ هەر مانگێكیان 500 ملیار دینار بۆ ‏هەرێم بنێرن".‏

ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕەتی ‏دەكاتەوە ئەوان لە دانوستانەكاندا لەسەر ئەم شێوازی ناردنی پارە بە قەرز ‏ڕێككەوتبن و دەڵێت "ئەم بڕیارە تاكلایەنە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ‏ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا دراوە".‏

‏"دوو هۆكار ئەم دۆخەیان دروست كردووە: یەكەمیان یاسای بودجە بوو كە ‏گەورەترین زەبر بوو لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم، چونكە بۆ ‏تۆڵەكردنەوە لە خەڵكی هەرێمی كوردستان نووسراوەتەوە، چونكە پڕە لە ‏گرفت و كێشە كە دەبنە بەربەست بۆ ناردنی مافە داراییەكانی هەرێم. ‏هۆكاری دووەم تێگەیشتنی وەزارەتی دارایی عێراقە بۆ خودی یاساكە، كە ‏زۆر لە خراپیی یاساكە خراپترە. لەگەڵ خراپیی یاساكەشدا، مافی هەرێمە ‏‏١٦ ترلیۆن دیناری بۆ بنێردرێ، بەڵام تێگەیشتنە خراپەكەی وەزارەتی ‏دارایی بۆ یاساكە ٨ ترلیۆن دینارە، ئەمەش لەگەڵ پێداویستی و خواستی ‏هەرێم یەك ناگرێتەوە"، ئومێد سەباح وا دەڵێت.‏