مەسروور بارزانی: بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی گاڵتەجاڕییە

03-09-2023 10:18

پەرەگراف

مەسرور بارزانی لە تویتێکدا بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق بە "گاڵتەجاڕیی" ناودەبات کە جێبەجێكردنی بڕیاری محەمەد شیاع سودانی راگرت، بۆ رادەستكردنەوەی بارەگای فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوك بە پارتی دیموكراتی كوردستان.

ھەڵوێستەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە دژی بڕیارەکەی ئەو دادگایە لەکاتێکدایە، پێشتریش مەسرور بارزانی و بەرپرسانی باڵای پارتی ڕەخنەی تووندیان لە بڕیاری دادگای فیدراڵی گرتووە لە ژمارەیەک دۆسیەی دیکەدا، تەنانەت مەسعود بارزانی وەک "مەحکەمەی سەورەی ڕژێمی بەعس" ناوی برد.

ڕاگرتنی بڕیارەکەی سوودانی لەبارەی بارەگاکەی پارتی، لەسەر بنەمای سكاڵایەكی یاساییە کە لە دادگاکە لەسەر ئەو بڕیارە تۆمار کراوەو داوای ھەڵوەشاندنەوەی دەکرێت، ئەوەش تا ئەو كاتەی ئەو سكاڵا یاساییە یەكلایی دەكرێتەوە.

25ی مانگی رابردوو، سودانی کە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە داوایكرد فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بارەگاكەیان چۆڵ بكەن‌و رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستانی بكەنەوە.

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، پارتی بارەگاكانی لە كەركووك چۆڵ كرد و هێزە عێراقییەكانی تێدا جێگیر كراوە، ئێستا پارتی دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەو شارە، بەڵام ژمارەیەك خۆپیشاندەری عەرەب و توركمان كە دژی ڕادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتین لە كەركووك، بۆماوەی شەش ڕۆژ خێمەیان هەڵدا و ڕێگای نێوان كەركووك - هەولێریان داخست.

ئێوارەی شەممە ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد دژی داخستنی ڕێگاكە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و بە ئاراستەی خێمەكانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی ڕۆیشتن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگرییان لێ‌ كرا و پێكدادان دروست بوو، هێزە ئەمنییەكان بە توندووتیژی و فیشەك وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوەو چوار خۆپیشاندەری کورد کوژران و زیاتر لە 15 کەس بریندار بوون و دەیانی دیکەش دەستگیرکران.