پەرەگراف
وەزیری دەرەوەی توركیا خۆپیشاندانەكانی دوێنێی كەركووك بە "پشێوی" ناو دەبات و ئەم بابەتەش بە پەكەكەوە دەبەستێتەوە. دەشڵێت "بوونی پەكەكە لە شارەكە زیادی كردووە و داوا لە بەرپرسانی عێراق دەكەین كۆتایی پێ بهێنن". هاكان فیدان ئاشكرای دەكات كە پێشتر لەوبارەیەوە "لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئیدارەی هەولێر" گفتوگۆی كردووە.
لە كاردانەوەی ڕووداوەكانی دوێنێی كەركووكدا، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، دەڵێت "كەركووك وەكوو سیمبولی كولتووری ئاشتی و پێكەوەژیان دەبینین. بەوپەڕی نیگەرانییەوە لە پشێوییەكانی كەركووك دەڕوانین كە گیانلەدەستدانی لێ كەوتەوە".
فیدان ڕایشیدەگەیەنێت "كەركووك بۆ توركمانە هاوڕیشەكانمان كە نەتەوەی ڕەسەن و دامەزرێنەری عێراقن، نیشتمانی دایكە. ئێمە لە كاتی خۆیدا هۆشداری و پێشنیازمان بە بەرپرسانی عێراق داوە و گوتوومانە كە بوار بە هەوڵی لەم جۆرە نەدرێت".
وەزیری دەرەوەی توركیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپات كردووەتەوە و دەڵێت "ئەو حكومەتەی لە عێراق بە سەركردایەتیی سوودانی پێك هێندراوە، سەقامگیریی بۆ وڵاتەكە دەستەبەر كردووە".
لە كاتێكدا خۆپیشاندانەكانی كەركووك سەرەتا بۆ كردنەوەی ڕێگای كەركووك - هەولێر بوو و دواتریش هەندێك لە لایەنگرانی پارتی داوای ڕادەستكردنەوەی بارەگای حیزبەكەیان لە كەركووك كرد، كاردانەوەی زۆری بەدوادا هات، بەڵام وەزیری دەرەوەی توركیا یەكەم كەسە كە ئەو ڕووداوە بە بوونی پەكەكە لە شارەكە دەبەستێتەوە، بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەكی ڕوون لەوبارەیەوە.
وەزیری دەرەوەی توركیا پێشتریش لە 22-8-2023 بە سەردانێكی دوو ڕۆژە گەیشتە بەغداد و لەگەڵ هاوتا عێراقییەكەی و سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و كۆبووەوە، دواتریش هاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، مەسعود بارزانی و قوباد تاڵەبانی كۆبووەوە.
پێچەوانەی چاوەڕوانییەكان كە پێشبینیی دەكرا دۆسیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك سەرەكیترین ئامانجی سەردانەكە بێت، فیدان لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق هیچ باسی ئەو دۆسیەی نەكرد و ڕایگەیاند " گفتوگۆمان دەربارەی ژمارەیەك دۆسیە كرد، لە سەروو هەموویانەوە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".
وەزیری دەرەوەی توركیا زۆرترین قسەی لەسەر پەكەكە كرد و وتی "پەكەكە ناوچەكانی شنگال و مەخموور و سلێمانیی داگیر كردووە و دەیەوێت بە سووریاوە بیان بەستێتەوە".
هاكان فیدان داوایشی لە عێراق كرد پەكەكە وەكوو "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" بیناسێنێت.