مامۆستایانی وانەبێژ ناڕەزایەتییان دەست پێ‌ كردەوە و هەڕەشەی بایكۆت دەكەن

03-09-2023 03:04

پەرەگراف

مامۆستایانی وانەبێژ لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم گردبوونەوەیان ئەنجام دا و هۆشدارییان دایە حكومەتی هەرێم كە ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ‌ نەكرێت، لەگەڵ دەستپێكردنی دەوامی ئەمساڵی خوێندن، بایكۆت دەست پێ‌ دەكەن.

مامۆستایانی وانەبێژ ڕایدەگەیەنن "ئەگەر حكومەت بەدەم داواكارییەكانمانەوە نەیەت، زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لەبەردەم پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆ و قەزاكان لێ‌ دەدەین و ناچینە هۆڵەكانی خوێندەوە".

ژمارەی مامۆستاسانی وانەبێژ لە كەرتی پەروەدەی هەرێمی كوردستاندا ساڵ بە ساڵ ڕوو لە زیادبوونە، ئێستا نزیكەی 35 هەزار و 400 مامۆستای وانەبێژ هەن كە دەكاتە لەسەدا 29.62ی كۆی مامۆستایانی ناو كەرتی پەروەردە. بەشێكی زۆریان زیاتر لە پێنج ساڵە و هەندێكیشیان نزیكەی 15 ساڵە مامۆستای وانەبێژن و هێشتا نەكراون بە هەمیشەیی.

گردبوونەوەی مامۆستاسانی وانەبێژ هاوكات بوو لەگەڵ موباشەرەی ئەو مامۆستایانە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ. كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستاسانی وانەبێژ لە سلێمانی، وتی "بڕیارمان دا نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ هاوكات لەبەردەم پەروەردەكانی سلێمانی، شارەزوور، قەڵادزێ‌، كفری، دووكان و چەند پەروەردەیەكی دیكەگردبوونەوەیەك ئەنجام بدەین".

كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستاسانی وانەبێژ لە سلێمانی، بەیاننامەی هاوبەشی مامۆستایانی وانەبێژی خوێندەوە كە تێیدا هاتووە "تا ئێستا كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێم بەدەم داواكاریی مامۆستایانی وانەبێژەوە نەهاتوون كە ژمارەیان زیاتر لە 35 هەزار مامۆستایە".

مامۆستاسانی وانەبێژ جەختیان كردەوە كە "لە ئەمڕوە 3-9-2023، دەست دەكەنەوە بە چالاكی و ناڕەزایەتییەكان بۆ داواكردنی چاكسازی لە سێكتەری پەروەردە و بەشێك لەو چاكسازییەش دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژە بە هەمیشەیی".