چوار كەس لە خۆپیشاندانەكانی كەركووكدا كوژران؛ ڕێگای كەركووك - هەولێر كرایەوە

03-09-2023 02:04

پەرەگراف

بارگرژییەكانی كەركووك كە بەهۆیانەوە چوار خۆپیشاندەری كورد كوژران، كۆتایی هات، بەڵام هێشتا دەیان خۆپیشاندەری دەستگیركراو ئازاد نەكراون، حەوت ئەندامی هێزە ئەمنییەكانیش بە تۆمەتی تەقەككردن لە خۆپیشاندەران دەستگیر كراون.

لە ئەنجامی گرژیی خۆپیشاندانەكانی دوێنێی كەركووك كە تا درەنگانێكی شەو بەردەوام بوو، چوار خۆپیشاندەری كورد كوژراون، 15ی دیكە بریندارن و نزیكەی 40 خۆپیشاندەریش دەستگیر كراون.

بە تۆمەتی تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنییەكانی كەركووك حەوت ئەندامی هێزی ئەمنییان دەستگیر كردووە و بڕیارە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت.

پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو خێمەكانی خۆپیشاندەرانی عەرەب و توركمان لابران، بەیانیی ئەمڕۆ قەدەغەی هاتووچۆیش لە كەركووك هەڵگیرا و ڕێگای كەركووك - هەولێر كە چەند ڕۆژە داخراوە، كرایەوە.

پاش ئەو گرژییانەی لە خۆپیشاندانەكانی ئێوارەی شەممەی كەركووكدا دروست بوو و تا درەنگانێكی شەویش بەردەوام بوو، پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت ڕایگەیاند، خۆپیشاندەرانی دژی ڕادەستكردنەوەی بارەگاكەی پارتی خێمەكانیان لادەبەن و ڕێگای كەركووك - هەولێر دەكرێتەوە، بەڵام چۆڵكردنی بارەگاكەی پارتی "دوادەخرێت".

لە كۆتاییشدا داواكاریی هەردوو لای خۆپیشاندەران جێبەجێ‌ كرا، بەڵام ئەنجامی ڕووداوەكان بە زیانی پارتی شكایەوە. خۆپیشاندەرانی عەرەب و توركمان بە خواستی ڕادەستنەكردنەوەی بارەگاكانی پارتی گەیشتن و خۆپیشاندەرانی كوردیش داواكاریی كردنەوەی ڕێگای كەركووك - هەولێریان بەدەست هێنا.

شەوی ڕابردوو، ڕاكان جبووری، پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت، سەبارەت بە ڕووداوەكانی ڕۆژی شەممەی كەركووك، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام دا.

دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە و درەنگانێكی شەو، ڕاكان جبووری چووە لای ئەو خۆپیشاندەرانەی دژی ڕادەستكردنەوەی بارەگاكەی پارتین كە ئێستا هێزی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووكی تێدایە و بڕیاری سوودانیی پێ‌ ڕاگەیاندن كە بریتییە لە دواخستنی ڕادەستكردنەوەی بارەگاكەی پارتی و وتیشی "ئەو كێشە لە بەغداد گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و چارەسەر دەكرێت".

ڕاكان جبووری وتیشی "خۆپیشاندەران بڕیار دەدەن چادرەكانیان لابەن و كۆتایی بە مانگرتن بهێنن، ڕێگاكەش دەكەنەوە".

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارتی بارەگاكانی لە كەركووك چۆڵ كردووە و هێزە عێراقییەكانی تێدا جێگیر كراوە، ئێستا پارتی دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەو شارە، بەڵام ژمارەیەك خۆپیشاندەری عەرەب و توركمان كە دژی ڕادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتین لە كەركووك، لە ماوەی ڕابردوودا خێمەیان هەڵدا و ڕێگای نێوان كەركووك - هەولێریان داخست.

ئێوارەی شەممە ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد دژی داخستنی ڕێگاكە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و بە ئاراستەی خێمەكانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی ڕۆیشتن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگرییان لێ‌ كرا و پێكدادان دروست بوو، هێزە ئەمنییەكان بە توندووتیژی و فیشەك وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە قوربانیی لێ‌ كەوتەوە.