داواكاریی هەردوو لای خۆپیشاندەرانى کەرکووک جێبەجێ كرا؛ ئەنجامەكە بە زیانی پارتی شكایەوە
پەرەگراف
گرژییەكانی كەركووك گیانلەدەستدانی سێ خۆپیشاندەری كوردی لێ كەوتەوە، لە كۆتاییشدا داواكاریی هەردوو لای خۆپیشاندەران جێبەجێ كرا، بەڵام ئەنجامی ڕووداوەكان بە زیانی پارتی شكایەوە. خۆپیشاندەرانی عەرەب و توركمان بە خواستی ڕادەستنەكردنەوەی بارەگاكانی پارتی گەیشتن و خۆپیشاندەرانی كوردیش داواكاریی كردنەوەی ڕێگای كەركووك - هەولێریان بەدەست هێنا.
پاش ئەو گرژییانەی لە خۆپیشاندانەكانی ئێوارەی شەممەی كەركووكدا دروست بوو و تا درەنگانێكی شەویش بەردەوام بوو و تێیدا سێ خۆپیشاندەری كورد گیانیان لەدەست دا، پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت ڕایگەیاند، خۆپیشاندەرانی دژی ڕادەستكردنەوەی بارەگاكەی پارتی خێمەكانیان لادەبەن و ڕێگای كەركووك - هەولێر دەكرێتەوە، بەڵام چۆڵكردنی بارەگاكەی پارتی "دوادەخرێت".
ڕاكان جبووری، پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت، سەبارەت بە ڕووداوەكانی ڕۆژی شەممەی كەركووك، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەنجام دا.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە و هەر ئەمشەو، ڕاكان جبووری چووە لای ئەو خۆپیشاندەرانەی دژی ڕادەستكردنەوەی بارەگای پارتین و بڕیاری سوودانیی پێ ڕاگەیاندن كە بریتییە لە دواخستنی ڕادەستكردنەوەی بارەگاكەی پارتی و وتیشی "ئەو كێشە لە بەغداد گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و چارەسەر دەكرێت".
ڕاكان جبووری وتیشی "خۆپیشاندەران بڕیار دەدەن چادرەكانیان لابەن و كۆتایی بە مانگرتن بهێنن، ڕێگاكەش دەكەنەوە".
لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارتی بارەگاكانی لە كەركووك چۆڵ كردووە و هێزە عێراقییەكانی تێدا جێگیر كراوە، ئێستا پارتی دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەو شارە، بەڵام ماوەی شەش ڕۆژە ژمارەیەك خۆپیشاندەری عەرەب و توركمان كە دژی ڕادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی لە كەركووك، خێمەیان هەڵداوە و ڕێگای نێوان كەركووك - هەولێریان داخستووە.
ئێوارەی شەممە ژمارەیەك هاووڵاتیی كورد دژی داخستنی ڕێگاكە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و بە ئاراستەی خێمەكانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی ڕۆیشتن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگرییان لێ كرا و پێكدادان دروست بوو، هێزە ئەمنییەكان بە توندووتیژی و فیشەك وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە.
دوای ئەوەی خۆپیشاندەرێكی كورد كوژرا، گرژییەكانی كەركووك تا درەنگانێكی شەو بەردەوام بوون و تێیدا ژمارەی خۆپیشاندەرە كوژراوەكان گەیشتە سێ كەس و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.
ڕووداوەكە كاردانەوەی لەناو لایەنە كوردییەكان لێ كەوتەوە.