پەرەگراف
ھێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی کورد کرد کە لە دژی داخستنی رێگاکانی شارەکە لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبیەوە ڕژاونەتەسەر شەقام، ژمارەیەک خۆپیشاندەر بریندارن.
خۆپیشاندەرانی کورد بەرەو شوێنی خۆپیشاندەرانی لایەنگری حەشدی شەعبی ڕۆیشتن، کە چەند رۆژێکە رێگەیان گرتووە، بەڵام ھێزەئەمنییەکان ڕێگرییان لێ کردن.
لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر شەقامن و شەش ڕۆژە ڕێگایان گرتووە.
دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەکێتی لە کەرکوک دەڵێت "داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکەین لە ڕووداوی تەقەکردنی ئەمڕۆی کەرکوک و بەتووندی ئیدانەی دەکەین، پێویستە تەقەکەرەکان بدرێنە دادگاو لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکبھێنرێت".
"ھاوکات داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و ئێمەش پاڵپشتیان دەبین، پێویستە بەپەلەو ڕاستەوخۆ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق بێتەسەرخەت بۆ چارەسەری دۆخەکە" ئەو پەرلەمانتارە وادەڵێت.